هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

ده‌روازه‌یه‌كی فه‌رمی له‌ نێوان هه‌رێمی كوردستان و كرماشان ده‌كرێته‌وه‌

سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق محه‌مه‌د شیاع سوودانی ره‌زامه‌ندی ده‌ربڕیووه‌ له‌سه‌ر كردنه‌وه‌ی ده‌روازه‌ی سنووریی سازان له‌ پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌.
به‌پێی نوسراوێك دوێنێ یه‌كشه‌ممه‌ له‌لایه‌ن فه‌رمانده‌یی پاسه‌وانی سنوور ناوچه‌ی یه‌ك به‌ ژماره‌ 1607 ده‌رچووه‌، ئاماژه‌ به‌وه‌كراوه‌ كه‌ سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق محه‌مه‌د شیاع سوودانی ره‌زامه‌ندی نیشاندراوه‌ بۆ كردنه‌وه‌ی ده‌روازه‌ی سنووریی سازان له‌ نێوان پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ و پارێزگای كرماشان له‌ وڵاتی ئێران.
ئه‌وه‌شخراوه‌ته‌ڕوو كه‌ ده‌روازه‌كه‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی سه‌ره‌كییه‌ بۆ جووڵه‌ی بازرگانی له‌ پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ له‌گه‌ڵ ئێران، هه‌روه‌ها ره‌خساندنی چه‌ندین هه‌لیكار بۆ خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌ و، هاوكات ده‌بێته‌ مایه‌ی باشتركردنی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ رووی ئابوورییه‌وه‌.
مه‌رزی سازان پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ و پارێزگای كرماشان به‌یه‌كه‌وه‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌ و، پێشتریش له‌ 10ی ئابی 2019 وڵاتی ئێران ره‌زامه‌ندی ده‌ربڕیبوو له‌سه‌ر كردنه‌وه‌ ده‌روازه‌ سنوورییه‌كه‌ به‌ڵام به‌هۆی تەواونەکردنی پردێك له‌ هه‌ڵه‌بجه‌وه‌ بۆ مه‌رزه‌كه‌، كاره‌كان دواكه‌وت و ئه‌مڕۆش عێراق به‌ فه‌رمیی ره‌زامه‌ندی بۆ كردنه‌وه‌ی ده‌روازه‌كه‌ نیشانداوه‌.
ده‌روازه‌ی سنووریی سازان ده‌بێته‌ هه‌شته‌م ده‌روازه‌ی سنووریی نێوان هه‌رێمی كوردستان – عێراق و ئێران كه‌ ئه‌وانیش بریتیین دەروازەکانی حاجی ئۆمەران، باشماخ، پەروێزخان، کێلێ، سەیرانبەند، پشتە و شووشمێ.