شەممە, تشرینی دووه‌م 30, 2024

نرخی نەوت بەرزبووەوە

لەدوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئەم هەفتەیە، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ نرخی نەوت بەهۆی بڵاوبوونەوەی ئامارە ئابوورییە ئەرێنییەکان لە چین و ئەمریکا، بەرزبووەوە، هەروەها نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ بە بڕی نزیکەی 4 دۆلار بەرزبووەوە.

نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور ئەمڕۆ (دووشەممە، 4-9-2023) لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا 17 سەنت بەرزبووەوە و بە 88 دۆلار و 72 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. هەروەها نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا 25 سەنت بەرزبووەوە و بە 85 دۆلار و 80 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.

بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لەکاتێکدایە، هەفتەی رابردوو نرخەکانی نەوت توانیان بگەنە بەرزترین ئاستی خۆیان لەماوەی شەش مانگی رابردوودا.

بەپێی ئامارەکان، کەرتی پیشەسازیی چین لە مانگی ئابدا گەشەی کردووە، ئەوەش هیوای بەخشیوەتە بازرگانانی نەوت بەوەی خواستی ئەو وڵاتە بۆ بەکارهێنانی نەوت روو لە بەرزبوونەوە دەکات.

بانکی ناوەندیی چین هەروەها هەفتەی رابردوو کۆمەڵێک هاندانی پێشکێش بە بانکەکانی ئەو وڵاتە کرد تاوەکو بتوانن پاڵپشتی لە کەرتی خانووبەرەی وڵاتەکەیان بکەن، ئەوەش هۆکارێکی دیکەی بەرزبوونەوەی نرخی نەوتە لە یەکەم رۆژی کردنەوەی بازاڕەکانی ئەم هەفتەیەدا.

ئەم هەفتەیە هەروەها وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانیی ئۆپێک پڵەس کۆدەبنەوە و پێشبینی دەکرێت سعودیە و رووسیا درێژە بە کەمکردنەوەی ئاستی خستنەڕووی نەوت بدەن.

رووسیا لە مانگی رابردوودا خستنەڕووی رۆژانە 500 هەزار بەرمیل نەوتی خۆی کەمکردووەتەوە و رایگەیاندووە، لەم مانگەشدا رۆژانە 300 هەزار بەرمیل نەوتی کەمتر دەخاتە بازاڕەکانەوە.

هەروەها پێشبینی دەکرێت سعودیە بەردەوام بێت لە کەمکردنەوەی خستنەڕووی رۆژانە 1 ملیۆن بەرمیل نەوت، تاوەکو کۆتایی مانگی داهاتوو.

نرخی زێڕ بەرزبووەوە بۆ سەرووی 1944 دۆلار

بەرەبەیانی ئەمڕۆ نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ نزیکەی 4 دۆلار بەرزبووەوە و بەسەرووی 1944 دۆلار و 60 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.

بڵاوبوونەوەی ئامارەکانی پەیوەست بە بازاڕی کاری ئەمریکا و نرخەکانی بەکاربەر لە هەفتەی رابردوو، بازرگانانی زێڕی گەشبین کردووە بەوەی بانکی ناوەندیی ئەمریکا چیدیکە روو لە بەرزکردنەوەی سوودی بانکی ناکات.

بەپێی وەزارەتی کاری ئەمریکا؛ رێژەی بێکاری لە ئەمریکا بەرزبووەتەوە بۆ 3.8٪ و، نرخەکانی بەکاربەریش کەمتر لەو ئاستەی کە پێشبینی دەکرا، بەرزبوونەوەیان بەخۆیانەوە بینیوە.

بازرگانان پێیانوایە لاوازبوونەوەی بازاڕی کاری ئەمریکا دەبێتە هۆی ئەوەی بانکی ناوەندی لە کۆبوونەوەی 19 و 20ـی ئەم مانگەی بانکەکەدا سوودی بانکی وەک خۆی جێگیر بکات.

ئامارە ئابوورییەکانی ئەمریکا هەروەها بوونەتە هۆکار بۆ دابەزینی بەهای دۆلار و سوودی سەر قەواڵەکانی گەنجینەی ئەمریکا، ئەوەش کاریگەریی ئەرێنی لەسەر نرخی زێڕ داناوە.