شەهیدکردنی چەند گەنجێکی کورد لە کەرکووک لە میانەی خۆپێشاندانەکانی ڕۆژی شەممە، ٢ی ئەیلوول ڕووی ڕاستەقینەی ئەو هێزانەی دەرخست بە ناوی پارێزگاریکردن لە کەرکووکییەکان و دابینکردنی ئاسایش، شەش ساڵە ئەو شارەی کوردستانیان میلیتاریزە کردووە و سەلماندی ئەوانە چەندە بە خوێنی گەنجانی کورد تینوون.
لە ١٦ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٧ەوە کە هێزی پێشمەرگە لەو شارە کشایەوە، دۆخێکی تایبەتیی بەسەر شارەکەدا زاڵە و کورد لەو شارە هیچ دەسەڵاتێکی نەماوە، ئەوانەی شارەکە بەڕێوە دەبەن فڕیان بە شارەکەوە نییە. هەر ئەوەش وایکردووە دۆخی ئەمنیی شارەکە ئاڵۆز بێت و لەو کاتەوە دانیشتووانی شارەکە بە گشتی و کورد بە تایبەتی هەناسەیەکی ئاسوودەیان هەڵنەمژیوە.
عێراق لە بەردەم هەڵبژادنێکی گرنگدایە و بۆ یەکەم جارە لەوەتەی ساڵی ٢٠٠٥ەوە لە کەرکووک هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە ١٨ی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ بەڕێوە دەچێت و چەند مانگێکی تر سەرجەم هێز و پارتە سیاسییەکان دەکەونە بانگەشەی هەڵبژاردنەوە. مافی هەموو حزبەکانە بە یەکسانی کەشێکی ئازادانەیان بۆ بڕەخسێنرێت بۆ ئەوەی بانگەشەی خۆیان لەم شارە بکەن و خەڵک و لایەنگرانیان بۆ بەشداری لە هەڵبژاردن و دەنگدان بە کاندیدەکان هان بدەن.
یەکێک لەو هێزانەی تا ئێستا نەیتوانیوە بارەگاکانی لەم شارە بکاتەوە پارتی دیموکراتی کوردستانە و لە ماوەی ڕابردوودا بەپێی ئەو ڕێککەوتنەی لەگەڵ حکوومەتی عێراق کردبووی بڕیار درا بارەگاکانیان بە فەرمی بکرێنەوە..
بەشێک لە میلیشیاکان کە پێدەچێت هەندێک گرووپی شۆڤێنییان لە پشتەوە بێت جەماوەری خۆیان ناردە پێش بارەگاکە و بە هەڵدانی خێوەت و ڕێگەیان لە جێبەجێکردنی بڕیارێکی حکوومەتی عێراق گرت. ئەمانە بۆ چەندین ڕۆژ ژیانیان لە دانیشتووانی گەڕەکەکانی دەوروبەر شێواند و تەنانەت ڕێگا سەرەکییەکەشیان گرت و هاتوچۆی نێوان هەولێر و کەرکووکیان پەک خست.
ئەرکی هێزەکانی پۆلیس و ئاسایشی کەرکووک بوو ڕێگاکە بکەنەوە و بەستێنی کردنەوەی بارەگاکە فەراهەم بکەن و کۆتایی بەو ڕێگرییە بهێنن و بڕیارەکەی حکوومەتی عێراق جێبەجێ بکەن، بەڵام ئەمە نەکرا و بەردەوامبوونی ئەو ملهوڕییە وایکرد دانیشتووانی کوردی شارەکە کە تەنانەت ڕێگەی گەڕانەوە بۆ ماڵیشیان لێ گیرابوو، دەست بە خۆپێشاندانێکی جەماوەری و مەدەنیانە بکەن.
لە ماوەیەکی زۆر کەمدا لە کەرکووک هێزەکانی حەشد ڕووبەڕووی خۆپێشاندەرانی کورد بوونەوە و لە جیاتی ئارامکردنەوەی دۆخەکە و ناوبژیوانی و جێبەجێکردنی داخوازیی خۆپێشاندەران کە داخوازییەکی ڕەوا بوو و تەنیا داوایان کردبوو ڕێگاکە بکرێتەوە، بە فیشەک وەڵام درانەوە و لە ماوەیەکی کەمدا دەیان کەس بریندار و چوار کەسیش شەهید بوون.
شەهیدکردنی ئەو گەنجە کوردانە کە تاوانی هەندێکیان تەنیا ئەوە بووە ئاڵای کوردستانیان هەڵگرتووە ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگر دەسەلمێنێت ئەویش ئەوەیە هێشتا لە عێراق زۆرن ئەو کەسانەی بە چاوی دوژمنێکی سەرسەخت سەیری مرۆڤی کورد دەکەن و کاتێک تاکی کورد بە ئاڵای کوردستانەوە لە شارەکە دەبینن لەو ڕکەی هەیانە چاویان سوور دەبێت و بە هەموو شێوەیەک پەلامار دەدەن.