پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

لە هەکبەی بیرەوەریمدا

ئەسعەد عەدۆ


پێشمه رگه .. نه عره ته ی هەلۆ رابن ..!
ده بێ حەز لە غەدركردن نەكەین هەر وەكو چۆن نابێ غەدر لە كەس قەبووڵ بكەین ، لەو روانگەیەوە داواكارم لە تۆ ، كە نابێ بە هیچ شێوەیەك گلەیی خۆت ئاراستەی كەسانێك بكەیت بەرلەوەی نەزانی كە تۆ كێی و چیت بۆ میللەتەكەت كردوە ؟!
ئەگەرهاتوو هەموومان ئەو پێوانەیەمان پەیرەوكرد دڵنیابە من ، تۆ ، ئه و ، خەڵكی دیكه ش ئاسوودە دهبن و غەدریان لێ ناكرێ هەروەك نەتەوەی كورد غەددری لێكراوە ! جاران وا نەبووین ! كەچی ئێستە لە هەموو كۆڕومەجلیسەكاندا تەنیا بۆنی گلوگازاندان دێ شلمكۆر تیری گلەییەكان ئاراستەی خەڵكانێك دەكەین كە تا دوێنێ وەك ئێمە لەنێو جێوباڵینگانی گەرمدا رانەكشابوون ! تۆ دەتەوێ (للیلافیللا) سەرنجی خەڵك بۆ خۆت راكێشی ؟ ئەگەرهاتوو ئەو سەرنج راكێشانەیشت لەسەر
ناڕەحەتی خەڵك بێت ؟! من لەوە دڵنیام كە لە هێندێ گلەییەكانماندا ناهەق نین ! كەچی ئەوەی لێی
نابەڵەدین ئەوەیە كە لەنێو كۆمەڵگای كوردەواریدا مرۆڤی كردەوكردار جوامێرە ! نەك پیاوی بە پرتەوبۆڵە ! مرۆڤی جەرگ سووتاو بۆ مەسەلەیەك ، پێویستە دەست لەسەر برینەكان دابنێ ، لەهەمانكاتدا هەوڵبدات چارەسەری بۆ بدۆزێتەوە ، هەرچەندە تا ئێستا نەگەیشتوینەتە ئەو رادەیە كە بتوانین بە نووسینی نووسەرێك یان رۆژنامەنووسێك ئاڵوگۆڕ لەنێو قانوون ، دەستوور، دامودەزگاكان دروست بكەین ئیدی تەكانێكە بۆ دروستكردنی ئەو ئاڵوگۆڕە ئەوەی ئەمڕۆ نەوەی ئێستا گڕناگەی(پەڵپ) لێگرتوە مەسەلەی نەوەی كۆنە ! بۆ ئەوەی مەسەلەكەم چڕوپڕتر بكەمەوە تاكو بتوانم باس لە هەوێنی نووسینەكەمدا بكەم ، مەسەلەی نەوەی ئێستایە كە لە مەیدانە جیاجیاكانی ژیاندا بە سەنتەنەت ، بێ ماندوبوون ، بێ ئارەقە رشتن ، بێ ئەلحەمدوڵڵا ، بێ ئەژماركردنی شوكرانە بۆ
باری تەعاڵا كاری تێدا دەكەن ، رۆژانە باس لە نوێبوونەوە دەكەن ، ئەگەر حەز لە نوێبوونەوەمان پێخۆش نەبێ
(ماری حەفت سەرمان پێوەدا) بەڵام كوا شوێن پەنجەی نوێبوونەوە ؟! لەنێو كۆڕوكۆبوونەوەكاندا باس لە موقەدەراتی كورد دهكەن كەچی رێز لە سێبەری لوولە تڤەنگی پێشمەرگە نانێن ! باس لە بارودۆخی ئێستای كوردستان دەكەن كە چۆن رۆژانە كاروانی فڕۆكەی نەفەروبارهەڵگر بە ئاسمانی كوردستاندا گووزەر دەكات ، كەچی هەست بە ئازارە حەشاردراوەكەی ئەو پێشمەرگانە ناكەن كە بە بینینی خودی فڕۆكە لەرزووتا دەگرن ! چونكە رۆژانێك یادگاری تاڵوسوێریان دەگەڵدا هەبوە ! باس لە مێزی حیوار دەكەن وەك بڵێی نەزانن ئەو حیوارەی ئەمڕۆ ئێمە لافی پێوە دەكەین میداڵی لوولە تڤەنگی قۆنداغ بەگرێی پێشمەرگەكانە كە تا دوێنێ بە نانە رەقە بۆ كوردایەتی وێڵ و سەرگەردان بوون ، دەبێ هەموومان ئەوە بزانین ، سبەیش هەر
ئەو پێشمەرگانەن لەكاتی پێویستدا نەعرەتەی هەلۆ رابن بۆ بەرەنگاری لێدەدەن ، وا دەزانن دنیا هێندەی تێدا ماوە جارێكی دیكە خێزانی (رەشید بێ شوون) ی ، ئۆردوگای (زێوە) یان دایە حەلیمایەكی دیكە لە دایك بێتەوە ؟! بە یەقینەوە دەڵێم
: ئەگەر هەشبێ لە منداڵدانی ژنە پێشمەرگەی دوێنێ لە دایك دەبێ ! ئەمڕۆ ئێوە لە سایەی ماندوبوونی نەوەی كۆندا ئەو بەروبوومە دەخۆن ! بۆیە
پێویستە ئێوەیش هەوڵبدەن رۆژانێك نەوەی دادێ بەرهەمی ماندوبوونتان بخۆن ، بەمشێوەیە بۆمان روون دەبێتەوە كە ئەوان هەبوون بۆیە ئێمەیش هەین ، واتە ئێمە هەین لەبەر هەندێ خەڵكی دیكەیش دەبن ، ئەوە سوننەتی ژیانە ! بۆ هێندە لەخۆبایی بین ؟! بۆ هێندە بە دنیای فانی لووت بەرز بین ؟! هەی ماڵوێران ئێمە حەزرەتی ئادەم و عیسا نین لە عەدەمەوە هاتبین ؟! مەگەر لە یادت چووبێ كە ئێمە لە (نوتفە) كەین! بۆ ئەوەی دوێنێ ، ئەوڕۆ ، سبەیش لەیەك گرێبدەین پێویستە یەكتر بخوێنینەوە رێز لە یەكتر بگرین ، گەورە بەزەیی بە بچووكدا بێتەوە ، تاكو بچووكیش رێز لە گەورە بگرێ ،
بۆ خودی خۆم لەو مەسەلانەدا حەز دەكەم (خورمژ) بخۆم بۆیە هەردوو جەمسەری كۆن و نوێم بە دەستەوەیە ! تامولەززەتی كۆن ژبیر ناكەم لەوكاتەی لەنێو گێژاوی ئەمڕۆی عەولەمەدا دەگەڵ شەپۆڵە هێورەكانی لێوار مەلە دەكەم ! بەڵام لەنێوان هەردوو حاڵەتدا دەست لەسەر سینگ رادەوەستم بۆ هەر كەسێك لە خەڵكی كوردستان رۆژێك لە رۆژان بە خوێن ، فرمێسك ، قسە ، نان ، ئارەقە رشتن ، تەنانەت خەمخواردن بۆ كورد درێغی نەكردبێ ، ئەگەر ئەوان نەبووان ئێمە ئەوڕۆ لە عەدەمدا دەخولاینەوە ! بڕواتان بێت ئەوە تەنزیر نیە..