لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا مانگانە 500 ملیار دینار رەوانەی هەرێمی کوردستان بکات.
رۆژی یەکشەممە (3ـی ئەیلوولی 2023)، شێروان دووبەردانی، پەرلەمانتاری عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا بە ناردنی 500 ملیار دینار بەشێوەی مانگانە بۆ هەرێمی کوردستان.
بەگوێرەی بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ئەو بڕە پارەیە بەشێوەی “مینحە” بۆ ماوەی سێ مانگ رەوانەی هەرێمی کوردستان دەکات تا یەکلایی کردنەوەی گفتوگۆکان بۆ جێبەجێکردنی یاسای بودجە.
ئەو پەرلەمانتارەی عێراق ئاماژەی بەوەشکردووە، لە کۆبوونەوەکەدا ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری نوێکردنەوەی گرێبەستی هەردوو پاڵاوگەی کار و قەیوانی پەسەندکردووە.
هاوکات ئیخلاس دلێمی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند، ناردنی ئەو 500 ملیار دینارە بۆ هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەیە لەو ماوەیەدا، کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لەبارەی یاسای بودجەوە چارەسەر دەکرێن.
ئەو پەرلەمانتارەی عێراق روونیشیکردەوە، دوای چارەسەرکردنی کێشەکانی هەردوولا، پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەدا بە تەواوی رەوانە دەکرێت.
نوێدەکرێتەوە..