سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

هەموو شتێک دەربارەی نەخۆشینی کۆلێرا

کۆلێرا نەخۆشینێکى بەکتریاییە (واتە بە هۆى جۆرە بەکتریایەکەوە بڵاو دەبێتەوە)، کە تووشى مرۆڤ دەبێت، لە رێگەى چوونەژوورەوەى بەکتریاى (Vibrio -cholera) بۆ ناو گەدە و ریخۆڵەکان (کۆئەندامى هەرس)، ئەوەش وادەکات مرۆڤ خێرا تووشی سکچوون و رشانەوەیەکى توند ببێت.

شێوازی گواستنەوەی ئەم نەخۆشینە، لە خۆراك و ئاوی پیسەوە، بە رێگەی خواردن و خواردنەوە دەگوازرێتەوە بۆ جەستەی مرۆڤ، ماوەی گەشەکردنی بەکتریاکە ١٢ کاتژمێر تا پێنج رۆژ دەخایەنێت.

نیشانەکانى نەخۆشینی کۆلێرا

  • سکچوونێکى توند، کە لە شێوەى ئاوى برنجە و بۆنێکی ناخۆشی هەیە.
  • رشانەوەیەکی زۆر.
    ئەم دوو نیشانەیەی نەخۆشییەکە، وادەکات نەخۆش بڕێکی زۆری ئاو و خوێی لەشی لە ماوەیەکی کەمدا لەدەست بدات و ببێتە هۆی لاوازبوونی گورچیلەکانی، بۆیە پێویستە خێرا ئەو بڕە ئاوە بگەڕێندرێتەوە بۆ جه‌ستە لە رێگەی ده‌ماره‌كانیه‌وه‌ ژیناو (موغەزی) وه‌ربگرێت، یان خواردنەوەی بڕێکی باشی ئاو.

چارەسەری نەخۆشی کۆلێرا

  • خواردنەوەی رێژەیەکی زۆر شلەمەنی، بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو شلەیەی جەستە لێی رۆیشتووە.
  • خواردنی شلەمەنی و سووپ و ئەو خۆراکانەی دەوڵەمەندن بە ماددە خۆراکییەکان.
  • پێدانی دەرمانی تایبەت بە نەخۆشینەکە لەلایەن پزیشکی پسپۆڕەوە، بە تایبەت دەرمانی دژەچڵک واتە دژەئیلتیهاب (anti biotic).

چۆنیەتیی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی کۆلێرا

  • خواردن و خواردنەوەیەک، کە پیس بووبێت بەم میکرۆبە یان بەکتریای (viblro cholera)
  • پیسداگەڕانى ئاوى خواردنەوە بە پاشەڕۆى مرۆڤ، کە میكرۆبی جۆراوجۆر پێک هاتووە.
  • چوونەژوورەوەى بەکتریاکە راستەوخۆ لە رێگەى بەکارهێنانى شتى پیس بۆ ناو دەم.
  • گواستنەوەی لە رێگەی مێشوولەوە، لە شوێنێکی پیسەوە بۆ کەلوپەل و خۆراک.

رێنماییەکانی خۆپاراستن لە کۆلێرا
یەکەم/ بۆ ئەو کەسانەی تووشی کۆلێرا بوون.
1- جیاکردنەوەی کەسانی تووشیار، لە ئەندامانی دیکەی خێران.
2- پاککردنەوەی کەلوپەلی نەخۆشەکە و ئەو جلوبەرگانەی بەکاری دەهێنێت.
3- لابردنی پاشماوەکانی نەخۆشەکە، بە شێوەیەکی بێوەی.
دووەم/ بۆ ئەو کەسانەی تووشی نەخۆشییەکە نەبوونە.
1- گرنگیدان بە پاکوخاوێنی.
2- دابینکردنی ئاوی خاوێن بۆ خواردنەوە و کوڵاندنی ئاو پێش بەکارهێنانی.
3- خۆپاراستن لە سەوزەیەک کە گومان دەکرێ پیس داگەڕاوە.
4- بەکارنەهێنانی خواردن و خواردنەوەی سەردانەپۆشراو و دەستگێڕ و عارەبانەکان.
5- زوو دەستشۆردن بە ئاو و سابوون، بە تایبەت دوای دەرچوون لە تەوالێت و پێش ناخواردن.