سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

سه‌رپه‌رشتیاری ره‌وه‌ندی كوردستانی له‌ باره‌گای بارزانی سه‌ردانی په‌رله‌مانی نه‌روێژ ده‌كات

 

سه‌رپه‌رشتیاری ره‌وه‌ندی كوردستانی له‌ باره‌گای بارزانی، سه‌ردانی په‌رله‌مانی نه‌روێژ ده‌كات و له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانی پارتی كرێكاران و سۆشیالیست، كه‌ دوو پارتی ده‌سه‌ڵاتداری ئه‌و وڵاته‌ن، كۆبووه‌وه‌.

ئاواره‌ هه‌ورامی په‌یامنێری كوردستان24 له‌ نه‌روێژ له‌مباره‌یه‌وه‌ رایگه‌یاند، شیفا بارزانی سه‌رپه‌رشتیاری ره‌وه‌ندی كوردستانی له‌ باره‌گای بارزانی، سه‌ردانی په‌رله‌مانی نه‌روێژی كرد و له‌گه‌ڵ هه‌ردوو پارتی كرێكاران و سۆشیالیستی ئه‌و وڵاته‌ كه‌ دوو پارتی ده‌سه‌ڵاتدارن كۆبووه‌وه‌.

په‌یامنێری كوردستان24 روونیشیكرده‌وه‌، ناوه‌رۆكی گفتوگۆكانی شیفا بارزانی سه‌رپه‌رشتیاری ره‌وه‌ندی كوردستانی له‌ باره‌گای بارزانی له‌گه‌ڵ پارته‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كانی نه‌روێژ تایبه‌ت بوو به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و نه‌روێژ، جیا له‌ تاووتوێكردنی كێشه‌كانی ره‌وه‌ندی كوردستانی له‌و وڵاته‌.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، له‌ نه‌روێژ خه‌ریكه‌ ئاماده‌كاری بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی شاره‌وانییه‌كان ده‌كرێت، كه‌ كۆمه‌ڵێك كوردستانی خۆیان بۆ ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ پاڵاوتووه‌ و له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ئه‌و پرسه‌ش گفتوگۆی له‌باره‌یه‌وه‌ كرا.

سه‌رپه‌رشتیاری ره‌وه‌ندی كوردستانی له‌ باره‌گای بارزانی چه‌ند رۆژێكی دیكه‌ش له‌ نه‌روێژ ده‌مێنێته‌وه‌، دیداری دیكه‌ش ئه‌نجام ده‌دات.