سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

هەولێر.. زیاتر لە 100 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر دەستی بەسەردا گیرا

لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانی سنووری پارێزگای هەولێر، زیاتر لە 100 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر و چەند ئامێرێکی قومار دەستیان بەسەردا گیرا.

بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان رایگەیاند، 101 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەری کاپتاگۆن و چەند کیلۆگرامێک کریستاڵ و هیرۆین و پێنج ئامێری قومار لە سنووری پارێزگای هەولێر دەستیان بەسەردا گیراوە.

ئەرکان بیبانی، ئەفسەر لە بەرێوبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئەم ماددە هۆشبەرانە لە وڵاتانی دراوسێوە بە هاوکاری خەڵکانێک دێنە خاکی هەرێمی کوردستان و هیچ حزب و لایەنێکی سیاسی لەپشت ئەم کارەوە نەبووە.

سەبارەت بە بەقاچاخبردنی ماددەی هۆشبەر بۆ ناو زیندانەکانی هەرێمی کوردستان لەڕێگەی درۆنەوە، ئاماژەی بەوەدا، ئەو بابەتە دوورە لە راستییەوە و هیچ شتێکی لەوجۆرە لەئارادا نییە.

بە گوتەی ئەو ئەفسەرەی بەرێوبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان، سەدا 80ـی ئەو کەسانەی ماددەی هۆشبەر بەکاردەهێنن، تەمەنیان لە نێوان 18 بۆ 35 ساڵدایە، ئەمساڵیش بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر لەنێو ئافرەتاندا بەرێژەی سەدا 10 زیادی کردووە.

ئەرکان بیبانی راشیگەیاند، لە هەرێمی کوردستان تاوەکو ئێستا هیچ تاقیگەیەک و کێڵگەیەک نییە بۆ بەرهەمهێنانی ماددەی هۆشبەر، چەند ساڵێك لەمەوبەر یەک حاڵەت روویدا، ئەویش کێڵگەیەک بوو کە توانرا لەناو ببرێت.