ڕائیب جادر – هەولێر
پارێزگاری دھۆک، دەڵێت: ئامانجی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بایەخدانە بە بەرھەمی ناوخۆیی لە ھەرێمی کوردستان. دەشڵێ: لە قەزای ئامێدی ژمارەیەکی زۆر ئاشی ڕاشیی ھەن، ئەمە بووەتە ھۆی ئەوەی تەحینی خۆماڵی لەم دەڤەرە بەرھەم بێت، بۆ ئەو مەبەستە لە ئایندەیەکی نزیکدا فێستیڤاڵێکی تایبەت بە بەرھەمی ڕاشیی ئامێدی دەکەین.
د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دھۆک، گوتی: ئامانجی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گرنگیدانە بە بەرھەمی ناوخۆیی لە ھەرێمی کوردستان، لە ھەمانکاتدا گەشەکردنی بەرھەمی جووتیاران و بەرھەمی دەڤەرەکانی ھەرێمی کوردستان ئامانجی سەرەکی ئێمەیە.
پارێزگاری دھۆک، گوتیشی: یەکێک لەو شتانەی کە ئامێدی پێی بەناوبانگە ڕاشییە، کە زیاتر لە ھەموو بەرھەمەکانی دیکە لەو قەزایە دەفرۆشرێت، بڕیارمان داوە ئەمساڵ لەگەڵ پێگەیشتنی بەرھەمی کونجی، لە مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ فێستیڤاڵێک بۆ ڕاشیی ئامێدی ڕێک بخەین، تێیدا ھەموو ئاشەکانی دروستکردنی ڕاشی لە پارێزگای دھۆک و ناوچەکانی دیکەش دەتوانن بەرھەمەکانیان نمایش بکەن.
د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دھۆک، ئاشکراشی کرد: لەسەر ڕاسپاردەکانی سەرۆک بارزانی، کە لە دوایین سەردانیدا بۆ دەڤەرەکە گفتوگۆی لەگەڵ دانیشتوانی ناوچەکە کرد، گرنگی زیاتر بە کەرتی کشتوکاڵ و گەشتوگوزار دەدەین، ھەروەھا مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش بەردەوام، ڕامان دەسپێرێت کە پشتوانی زیاتر لە کەرتی کشتوکاڵ و کاری جووتیاران بین.