سەرۆکی ئەو شاندەی پەرلەمانی کەنەدا کە لە هەرێمی کوردستانە رایدەگەیەنێت، بە مەبەستی برەودان بە پەیوەندییەکانی ئۆتاوا و هەولێر هاتوونەتە هەرێمی کوردستان. دەشڵێت، “کە دێیتە هەرێمی کوردستان هەستدەکەیت لە کەنەدایت، هێندە ئارام و سەقامگیرە”.
بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 30ــی ئابی 2023، شاندێکی پەرلەمانی کەنەدا بە سەرۆکایەتی پەرلەمانتار تۆم کیمیچ گەیشتە شاری هەولێر.
تۆم کیمیچ لەمیانی بەشداریکردنی لە گەشتی هەواڵەکانی کاتژمێر 15:00ـی کوردستان24، رایگەیاند، “یەکەم جارە وەکو پەرلەمانی کەنەدا سەردانێکی لەم شێوەیە بۆ هەرێمی کوردستان ئەنجام بدەین و دەمانەوێت لە هەموو بوارەکاندا پەرە بە پەیوەندییەکانی نێوان کەنەدا و هەرێمی کوردستان بدەین”.
وەکو ئەوەی تۆم کیمیچ باسی کرد، “لە سەردانماندا بۆ هەرێمی کوردستان، تا ئێستا لەگەڵ چەندین ناوەندی کۆمەڵگەی مەدەنی و دامەزراوە مەدەنی و حکومییەکان کۆبووینەتەوە. ئامانجامانە زیاتر ئاشنای دامەزراوە حکومییەکانی هەرێمی کوردستان، پارت و لایەنە سیاسییەکان، کەلتووری کوردستان و مێژووکەی ببین و زانیاری زیاتریان لەبارەوە بزانین”.
بە گوتەی ئەو پەرلەمانتارە کەنەدییە، “ئێمە لە کەنەدا پەیوەندییەکی زۆرباشمان لەگەڵ کوردەکان هەیە و بەردەوام لە پەیوەندیداین لەگەڵ دۆستە کوردەکانمان و گفتوگۆ لەسەر کەلتوور، خواردن و دابونەریتەکانیان دەکەین. بەڕاستی خەڵکێکی میواندۆستن و، کاتێک لە کەنەداوە دێیتە کوردستان، دەزانیت خەڵکی کوردستان میواندۆستە”.
تۆم تۆم کیمیچ گوتیشی: “کە دێیتە هەرێمی کوردستان هەستدەکەیت لە کەنەدایت، هەست دەکەیت هەرێمی کوردستان بەشێکە لە کەنەدا لەڕووی ئارامی و ئاسایشەوە. کە بەڕاستی ئەمە نامەیەکی زۆر جوانە بۆ هەموو کەنەدییەکان، هەم حکومەتی کەنەدا و هەم هاووڵاتی سڤیل، کە وایان لێ دەکات بێنە هەرێمی کوردستان”