دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

یادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە قاهیرە بەرز ڕاگیرا

مەکتەبی قاھیرەی پارتی، بە بۆنەی ٧٧ھەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان و ساڵیادی لە دایکبوونی جەنابی سەرۆک، ئێوارە ئاھەنگێکی سازکرد. باڵوێزی عێراقی فیدراڵ لە میسر دکتۆر ئەحمەد دلێمی و کونسوڵی عێراقی دکتۆر حازم و ستافی باڵوێزخانە و چەندین کەسایەتی سیاسی و ئەکادیمی و ڕاگەیاندکار و ڕۆژنامەنووس ئامادەبوون.

باڵوێزی عێراقی فیدراڵ لە وتەکەیدا وێرای پیرۆزبایی لە جەنابی سەرۆک و سەرۆکی ھەرێم و سەرۆک وەزیران و مەکتەبی سیاسیی پارتی، ئاماژەی بە ڕۆڵی پارتی کرد لە پشتگیریی دیموکراسی لە عێراق و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و لەم پێناوەدا شەھیدیان داوە و بەپەرۆشەوە پشتگیری لە سەقامگیریی عێراق کردووە.
دکتۆر محەممەد ئەبو کەلەل، بەرپرسی پەیوەندییەکانی عەرەبی ڕەوتی حیکمە باسی لە ڕۆڵی گرنگی پارتی کرد لە پشتگیری پرۆسەی سیاسی و ئارامی لە عێراق، ھەروەھا ئاماژەی بە ڕۆڵی پارتی و سەرکردایەتیەکەی کرد لە پێناو بەرژەوەندی سەرجەم عێراقییەکان.
بەرپرسی مەکتەبی پارتی دیموکراتی کوردستان لە قاھیرە، شێرکۆ حەبیب، وێرای بەخێرھێنانی ئامادەبووان، سوپاسی کردن بۆ بەشداریکردنیان لە ساڵیادی دامەزراندنی پارتی. ھەروەھا ئاماژەی بە پێویستی و گرنگی پارتی کرد لە کاتێکدا میللەتی کورد پێویستی بە پارتێکی سیاسی بۆ دابینکردنی مافەکانی نەتەوەی ھەیە. ھەر لەو ڕوانگەیەشەوە پارتی بە ڕابەرایەتی باوکی ڕۆحیی کورد جەنابی مەلا مستەفا بارزانی نەمر دامەزرا و باوەڕی بە بونیادنانی دەوڵەتی دیموکراسی ھەیە، بۆیە دروشمی دیموکراسی بۆ عێراق ھەڵبژارد. ناوبراو لە درێژەی وتەکانیدا ئەوەی ڕوونکردەوە کەوا پارتی لەسەر ھەمان ڕێباز و دید و بۆچوونی جەنابی سەرۆک بارزانی خەبات دەکات بۆ چەسپاندنی ئاشتی و پێکەوەژیان و تەبایی، ھەروەھا ئاماژەی بە پەیوەندییەکانی پارتی کرد لەگەڵ وڵاتان و حزب و لایەنەکانی ناوخۆی و ھەرێمی و نێودەوڵەتی.
شایانی باسە ئەمە بۆ جاری دووەمە تیپێکی میوزیک لە کوردستان ئامادەبێت بۆ ئاھەنگی ساڵیادی دامەزراندنی پارتی، کە ھونەرمەندان کەریم گوڵانی و فەخرەدین ھەولێری بەدەنگە بەسۆز و میوزیک ئامادەبووانی ھێنابووە جۆش و خرۆش ھەروەھا ھونەرمەندی میسری ئەحمەد جوھر بە دەنگە بەسۆزەکەی ئاھەنگەکەی زیاتر ڕازاندەوە بە پێشکەشکردنی چەند گۆرانیەکی میسری.. ئاھەنگەکە مایەی ڕەزامەندی و پێزانینی ئامادەبووان بوو.