دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

گەڕانەوەی پارتی بۆ کەرکووک، گەڕانەوەی هێزە بۆ کورد

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

بڕیاری ڕادەستکردنەوەی بارەگاکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی کەرکووک- گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک بەشێکە لە کارنامەی حکوومەتی محەممەد شییاع سوودانی و پێشتر ڕێککەوتنی سیاسیی لەسەر کراوە، بەڵام گروپێکی حەشدی شەعبی چەند ڕۆژێکە خێوەتیان ھەڵداوە و ڕێگری لە ڕادەستکردنەوەی ئەو بارەگایانە دەکەن بە پارتی.

کارنامەی حکوومەتی عێراق بە سەرۆکایەتیی محەممەد شییاع سوودانی لە ٢٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ دەنگی لەسەر درا. یەکێک لە خاڵەکانی ئەوەیە کە ماف بدرێتەوە پارتە سیاسییە کوردستانییەکان چالاکیی سیاسی لە نەینەوا، کەرکووک، دیالە و سەلاحەدین بکەن و دەبێت بارەگاکانیان بدرێتەوە. ڕادەستکردنەوەی بارەگاکانی پارتی لە کەرکووک کە ژمارەیان ٣٣ بارەگایە، بەشێکە لە ڕێککەوتنی سیاسی نێوان پارتی و سەرکردەکانی ئیدارەی دەوڵەت و حکوومەتی عێراق لەسەر بنیادنراوە، لە ئەگەری پابەند نەبوون بە ڕێککەوتنەکان ئەگەرەکان لەبەردەم پارتی کراوە دەبن.
چوار ڕۆژە لایەنگرانی حەشدی شەعبی ڕێگەی کەرکووک- ھەولێریان داخستووە و ڕێگە بە ھیچ ئۆتۆمبێلێک نادەن بەو ڕێگەیەدا ھاتووچۆ بکات، ئۆتۆمبێلی بارھەڵگر دەبێت بەنێو گەڕەک و ماڵەکاندا بچنە ناو شاری کەرکووک و شاری ھەولێر، ئەوەش گرفتێکی زۆری بۆ شۆفێران دروست کردووە.
لە دوای ڕووداوەکانی ١٦ـی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ـەوە، ڕۆڵ و پێگەی کورد لە دامودەزگا فەرمییەکان کەمکراونەتەوە و بەردەوام ھەوڵی لاوازکردنی پێگەی کورد دەدرێت و جیاوازی و جیاکاریش لە ڕووی خزمەتگوزاری و جێبەجێکردنی پڕۆژەکانیش لە نێوان ناوچەکاندا دەکرێت و بەشێوەیەک ئەو گەڕەک و ناوچانەی کوردنشینە، کەمترین خزمەتی پێشکەشکراوە.
لە ١٦ـی ئۆکتەری ساڵی ٢٠١٧، ھێزێکی کوردی بە ڕێککەوتن لەگەڵ حەشدی شەعبی، شاری کەرکووکی ڕادەست کرد، لەوکاتەوە پارتی دیموکراتی کوردستان تەواوی بارەگاکانی لەو شارە چۆڵکردووە و بە شارێکی داگیرکراوی وەسفکرد. ھاووڵاتییانی شارەکە، دەڵێن: گەڕانەوەی پارتی بۆ کەرکووک بە مانای گەڕانەوەی ھێز و دەستەڵاتی کوردە و داوا دەکەن سەرجەم لایەنەکان پشتگیری ئەو ھەنگاوە بکەن.
ھۆزان خورشید، چالاکوانی سیاسی، گوتی: گەڕانەوەی پارتی بۆ کەرکووک گەڕانەوەی ھێزە بۆ کورد، بەڵام ئەوەی جێگەی داخە تا ئێستە حزبە کوردستانییەکان ھەڵوێستییان نییە.
ئەو چاودێرە، دەشڵێ: ڕێگریی لە پارتی وا دەکات لە ھەڵبژاردنەکانی داھاتوو، بەتایبەتی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان کە بڕیار وایە ئەمساڵ لە کەرکووک بکرێت ھەموو ھاووڵاتییان دەنگ بە پارتی بدەن، چونکە پارتی حزبێکی گەورەیە و کاریگەری خۆی ھەیە، ئەگەر پارتی بەشدار نەبوایە لە حکوومەتی عێراق، ئەو حکوومەتەی ئێستە دروست نەدەبوو.
شێروان دووبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، ڕایگەیاند: ئەو کەسانەی لە کەرکووک دژی ڕادەستکردنەوەی بارەگاکانی پارتی ھاتوونەتە سەر شەقامەکان، ئەندامی ھەندێک لایەنی سیاسیی و ھێزە ئەمنییەکانن بە جل و بەرگی مەدەنی ھاتوون، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە ھەندێک لایەنی سیاسی دژی گەڕانەوەی پارتین بۆ کەرکووک.