ماكوان عيززهت-هەولێر
بەشێكی زۆری خەڵک، هەر جۆرە ئازار و کێشەیەکی تەندروستییان هەبێ، بۆ نموونە خەویان باش نەبێ یان سەریان بئێشێ، ئەوا یەكسەر یەك دوو كەس لە خێزانەكە دەڵێن (ڤایتامین دی) كەمە لە جەستەتدا!
ڤایتامین دی، لای زۆرێک لە هاووڵاتیان بووەتە چارەسەری گشت دەردان و، بەبێ ڕاوێژ بە پزیشک و پشكنینی تاقیگەیی بەكاری دەهێنن.
د. محەمەد عومەر لەک پسپۆڕی نەخۆشییەكانی كۆئەندامی هەرس و جگەر ئاماژە بەوە دەدات بەشێكی زۆری خەڵك بەبێ پرسی پزیشک ڤایتامینەكان بەكار دەهێنن؛ جگە لەوەش لە خۆیانەوە زیاد لە پێویست بەكاری دەهێنن، هەروەها ئەوەی گرفتە بەشێكی زۆری خەڵك لە ڕێگەی پەیجەكانەوە ڤایتامین دەكڕن، بۆیە داواكارین لەخەڵك هۆشیار تر بن، لە خۆیانەوە هیچ جۆرە تەواوكەرێكی خۆراكی لە رێگەی پەیجەكانەوە نەكڕن، چونكە نازاندرێت ئەو جۆرە تەواوكەرە خۆراكیانە ڕێگەپێدانی وەزارەتی تەندروستییان هەیە یانیش نییانە، هەروەها شێوازی هەڵگرتن و گواستنەوەی زۆرجار تەندروست نییە، هەروەها نابێت هیچ كەسێك لە خۆیەوە دەست بەرێت بۆ دەرمان، چونكە دەرمان پێویستە لە لایەن پزیشكی پسپۆڕەوە دەستنیشان بكرێت بۆ نەخۆش؛ باشترین خۆراك خۆراكی سروشتی و بێوەیە، پێویستە خەڵكی خۆراكی بێوەی بخۆن بۆ ئەوەی پێویستیان بە تەواوكەری خۆراكی نەبێت.
د. محەمەد عومەر لەک دەشڵێت: نابێت ئەوەش لەبیر بكەین كە ڕاستە تەواوكەری خۆراكی، كۆمەڵێك لایەنی باشیشی هەیە، بۆ نموونە منداڵان بۆ هەندێ كانزا و ڤایتامین پێویستیان پێیەتی، كە ئەمەش پزیشك بە گوێرەی بەژن و باڵا و تەمەن و كێشی منداڵەكە دیاریی دەكات، بۆیە نابێت هیچ دایك و باوكێك لە خۆیانەوە لە دەرمانخانەیەك یانیش لە شوێنێك داوای بكەن و وەك شەكرۆكە بیدەنە منداڵەكانیان.
لە بارەی ئەو كەسانەی كە ڤایتامینەكان دەخۆن بە بیانووی ڕووتانەوەی ڤژ، دکتۆر ڕوونی كردەوە كە: ڕووتانەوەی قژ كۆمەڵێك هۆكاری هەیە پێكهاتەی سەرەكی بۆ جەستەی مرۆڤ (پرۆتین، چەوری، كاربۆهیدرات) كە ئەمانە بە ڕێژەیەكی زۆر بۆ جەستە پێویستە.
لە كۆتاییدا د. محەمەد عومەر لەک ڕوونی كردەوە كە بەكارهێنانی حەب و شروبی ڤیتامینەكان ڕاستەوخۆ كاریگەری نییە بۆ زیادکردنی كێش، كە ئەمەش ماوەیەكە لەلایەن گەنجانەوە باوە بەكاری دەهێنن بە بیانووی زیادکردنی كێش، هەربۆیە داوا لە هاووڵاتیان دەكەم هیچ جۆرە دەرمانێك ئەگەر چی پێكهاتەی خۆراكییش بێت سەربەخۆ بەكاری مەهێنن، هیچ جۆرە ڕێنماییەک لە كەسی نەشارەزاوە وەر مەگرن.