چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

بازیان مێژوو و گەشەسەندنی

کتێبی “بازیان مێژوو و گەشەسەندنی” بەرهەمی هەردوو نووسەر کاروان محەمەد و یاسین ئەحمەدە. کتێبەکە گوزارشتە لە مێژوو و لایەنی کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسی ناوچەکە هەر لە کۆنەوە تا ئەمڕۆ.

ئەم کتێبە، لێکۆڵینەوەیەکە لەسەر شارۆچکەی بازیان. لە چەندبەشێك پێکهاتووە و هەر بەشەش چەند باس و تەوەرەێکی لە خۆگرتووە لە چوارچێوەی ٥٥٠ لاپەڕەی قەبارە گەورەدا، نووسین و ئامادەکردنی «کاروان محەمەد» و «یاسین ئەحمەد”ـە.

  • بەشی یەکەم: جوگرافیای بازیان.
  • بەشی دووەم: باردۆخی کارگێڕی بازیان.
  • بەشی سێیەم: مێژووی بازیان.
  • بەشی چوارەم: باردۆخی سیاسی بازیان.
  • بەشی پێنجەم: باردۆخی کولتووری کۆمەڵایەتی بازیان.
  • بەشی شەشەم: دۆخی ئابوری بازیان.
  • بەشی حەوتەم: بارودۆخی ڕۆشنبیریی بازیان.
  • بەشی هەشتەم: خوێندن و خوێنەواری.
  • بەشی نۆیەم: باردۆخی نۆشداری و تەندروستی

کتێبەکە هەوڵی هەردوو نووسەرە. ماندوونەزانانە بە شوێن کۆکردنەوەی سەرچاوە و دەیان بیرەوەریی و بەسەرهاتی هەمەجۆردا گەڕاون. ڕەنجی ئەوان بە ڕوونی لەناوەڕۆکی کتێبەکەدا دیارە و قۆناغ بە قۆناغ و بابەت بە بابەت شیکراوەتەوە. ئەمە یەکەمین بەرهەمێکە لەسەر بازیان ئەنجامدرابێت کە بەم جۆرە پڕ زانیارییە لە دووتووێی کتێبێکدا پێشکەش بکرێت.
لە پێشەكیی كتێبەكەدا، ئاماژە بەوەكراوە: “بازیان شوێنی پڕ بایەخە بۆ سلێمانی و كەركوك، دەروازەی سلێمانییە لە ڕووس سیاسییەوە،چەندین ناوچەی گرنگی وەك چەمچەمال و ئاغجەلەر و قەرەداغ و دوكان پێكەوە گرێ دەدات، یەكێك لە قەزا گەورەكانی سەر بە پارێزگای سلێمانی دادەنرێت.
بازیان لەسەرەتای بیستەكانەوە بووەتە ناحیە و سەرەتا شارۆچكەی تەیناڵ مەركەزی ناحیەی سنوورەكە بووە، بەڵام هەندێك لە سەرچاوەكان ئاماژەیان بەوە داوە كە مێژووی بوون بە ناحیەی بازیان لەوە كۆنترە و دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی بابانەكان و دواتر لە سەردەمی شێخ مەحمودیشدا هەر ناحیە بووە و سەر بە قەزای ناوەندی سلێمانی بووە، پاشان لە دەوروبەری ساڵی 1928ـدا بەڕێوەبەرایەتیی ناحیە لە گوندی مورتكەی نزیك تەیناڵ دانرا”مەحمود فەقێ محەمەد هەمەوەندی” كراوە بە بەڕێوەبەری ناحیە، بەڵام ئەوەی ئاشكرایە ئەوەیە بەڕێوەبەرایەتیی ناحیە لە تەیناڵدا دامەزراوە وبەردەوام بووە، دواتر كاتێك كە ڕژێمی بەعس لە نێوان ساڵانی 1987 -1988 ـدا چەند كۆمەڵگەیەكی زۆرەملێی لە سنووری بازیاندا درووستكرد و دانیشتوانی گوندەكانی لە چەند شوێنێكی جیاوازەوە ڕاگوێزرا بۆ ئەو كۆمەڵگەیانە.
سەرەتای کتێبەکە بۆ جوگرافیای ناوچەی بازیان تەرخانکراوە. دەرخەری ئەوەیە شوێنێکە تەواو گونجاوە بۆ ژیانکردن و قابیلیەتی کشتوکاڵ و چالاکیی مرۆیی هەیە. زۆر باس لەوە دەکرێت، لە کۆندا بازیان دەریاچەیەک بووبێت یان دەریاچەیەکی هەبووبێت. لەناو خەڵکیدا وا باوە ئاوی ژێر زەوی بازیان بارتەقای دەریایەکە. هەر ئەو باسە جوگرافییە لە کتێبەکەدایە، ئەوەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە بازیان لەم نێوەندەدا بەرز و نزمی شوێنەکە جیاوازیی پێداوە. بازیان لە ناوەندی گەرمیان و کوێستاندا بارێکی گونجاوی بۆ ڕەخساوە. کاریگەریی و گۆڕانە جوگرافییەکان ئاوی ژێر زەوی بازیانی چەند هێندە کردووە. سەرچاوە ئاوییەکانی بازیان بۆ خۆی جێگەی توێژینەوە و باسێکی سەربەخۆیە. بەشێک لە سەرچاوە ئاوییەکانی ڕەگێکی کۆن و قوڵی هەیە لە ناوچەکەدا و تا ئەم ساتەش ئەو سەرچاوانە کەڵکیان لێ وەردەگیرێت