سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

هه‌ڵگورد شێخ نه‌جیب: ماسته‌رپلانی ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی سۆران جێبه‌جێ ده‌كه‌ین

سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی سۆران رایده‌گه‌یه‌نێت له‌ هه‌وڵدان بۆ جێبه‌جێكردنی ته‌واوی ماسته‌رپلانی ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی سۆران، داواش له‌ هاووڵاتییان ده‌كات ئه‌وانه‌ی زه‌وی سندووقییان هه‌یه‌، داواكارییه‌كانیان پێشكه‌ش به‌ شاره‌وانی بكه‌ن به‌مه‌به‌ستی وه‌رگرتنی مۆڵه‌ت.

ئه‌مڕۆ (سێشه‌ممه‌ 29ـی ئابی 2023) هه‌ڵگورد شێخ نه‌جیب، سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی سۆران له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، له‌میانی كۆبوونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ ساسان عه‌ونی، وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزاری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان تاووتوێی ماسته‌رپلانی ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی سۆرانیان كردووه‌. گوتیشی ماسته‌رپلانی سۆران له‌ ساڵی 2009ـوه‌ دانراوه‌، به‌ڵام وه‌ك ئه‌و به‌رنامه‌ی بۆی دانراوه‌، جێبه‌جێ نه‌كراوه‌.

سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی سۆران هه‌روه‌ها له‌ به‌شێكی دیكه‌ی لێدوانه‌كه‌یدا ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، ماوه‌ی زیاتر له‌ دوو ساڵه‌ كار له‌سه‌ر گونجاندنی واقیعی ئیداره‌ی سۆران له‌گه‌ڵ ماسته‌رپلانه‌كه‌ ده‌كه‌ن. روونیشیكرده‌وه‌، هه‌موو هه‌وڵێك ده‌ده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی له‌مه‌وبه‌دوا ماسته‌رپلانه‌كه‌ وه‌ك خۆی جێبه‌جێ بكه‌ن.

هه‌ڵگورد شێخ نه‌جیب هاوكات باسی له‌وه‌ كرد، له‌ناو ماسته‌رپلانه‌كه‌دا چه‌ندین كێشه‌ و ئاسته‌نگ هه‌بوو، له‌وانه‌ كێشه‌ی زه‌وی سندووقی، كه‌ دوای چه‌ندین هه‌وڵ درا، ئه‌و كێشه‌یه‌ چاره‌سه‌ر كراوه‌ به‌تایبه‌تی بۆ ئه‌وه‌ی هاووڵاتیانی كه‌مده‌رامه‌ت تێیدا سوودمه‌ند بن. جه‌ختیشیكرده‌وه‌، سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی ره‌زامه‌ندی نیشان داوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی هاووڵاتییانی كه‌مده‌رامه‌ت سوو له‌و بابه‌ته‌ ببینن.

سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی سۆران داوایشی له‌ هاووڵاتییانی سۆران كرد ئه‌وانه‌ی خاوه‌نی زه‌وی سندووقین داواكارییه‌كان پێشكه‌ش به‌ سه‌رۆكایه‌تی شاره‌وانی بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ره‌زامه‌ندی و رێگه‌پێدان وه‌ربگرن و ده‌ست به‌ دروستكردنی خانووه‌كانیان بكه‌ن.

رۆژی 31ـی ته‌ممووزی 2021، سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی بڕیاری هه‌ردوو ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی سۆرانی واژۆ كرد و وه‌زاره‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانیشی راسپارد، رێكاری پێویست بۆ جێبه‌جێكردنی بڕیاره‌كه‌ بگرنه‌به‌ر.

به‌گوێره‌ی نووسراوه‌كه‌، كه‌ به‌ واژۆی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌رچووه‌، مه‌به‌ست له‌و بڕیاره‌ به‌رجه‌سته‌كردنی لامه‌ركه‌زیی به‌ڕێوه‌به‌ردن و بنه‌مای دابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵات و چڕنه‌كردنه‌وه‌ی له‌ ناوه‌نده‌ باڵاكانی به‌ڕێوه‌بردنه‌. سنووری سۆران له‌ قه‌زاكانی سۆران، چۆمان، رواندز و مێرگه‌سوور پێكهاتوون.

له‌ كۆبوونه‌وه‌ی رۆژی چوارشه‌ممه‌ی (28ـی ته‌ممووز 2021)، ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، به‌ سه‌رپه‌رشتی مه‌سرور بارزانی، بڕیاریدا هه‌ردوو قه‌زای زاخۆ و سۆران ببنه‌ ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆ.