سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

ژمارەیەک پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە سنووری پێنجوێن جێبەجێ دەکرێن

بەپێى نوسراوێک کە واژۆى ئاوات جەناب نوورى، وەزیرى دارایی و ئابوریی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی لەسەرە بۆ بەڕێوەبەرایەتیی گەنجینەى سلێمانى دوو، ڕەزامەندى دراوە لەسەر تەرخانکردنی نۆسەد و سی و شەش ملیۆن و حەوت سەد و نەوەد و پێنج هەزار دینار بۆ ژمارەیەک پڕۆژە لە سنوورى قەزاى پێنجوێن.

بەپێی زانیارییەکانیش پرۆژە خزمەتگوزارییەکان، ئەمانە لە خۆ دەگرێت؛ قیرتاوکردنى رێگەی گوندى وێنە لە ناحیەى گەرمک بە بڕى سێ سەد و پەنجا و حەوت ملیۆن و شەست هەزار دینار بە درێژایی 3.6 کیلۆمەتر یەکێک لەو پڕۆژانەیە.
هاوکات پڕۆژەى کۆنکرێتکردنى رێگاى هەورازەکانى گوندى کۆڵیتان لە ناحیەى ناڵپارێز بە درێژى 0.4 کیلۆمەتر پرۆژەیەکی دیکەیە کە نەوەد و یەک ملیۆن و شەش سەد و حەفتا هەزار دینار بۆی تەرخاندەکرێت.
هەروەها چاککردنى رێگاى سەرەکى لە پردى ناڵپارێز تاوەکو پێنجوێنیش بڕى شەست و نۆ ملیۆن و هەشت سەد و سی و چوار هەزار دینارى بۆ تەرخان کراوە، کە بە درێژى 13.4 کیلۆمەتر ئەنجام دەدرێت.
هەر لە نووسراوەکەکەی وەزارەتی داراییدا ئەوەش خراوەتە ڕوو، کە ڕەزامەندی دراوە لەسەر چاککردنەوەى دوو سایدى ناو مەرزى سەیرانبەن لە ناحیەى گەرمک بە بڕى چوار سەد و هەژدە ملیۆن و دوو سەد و سی و یەک هەزار دینار بە درێژى 0.5 کیلۆمەتر.