عومەر چنگیانی
نەخۆشینی لەکەدارکردنی بەرانبەر و بختانهەڵبەستن بۆ خەڵک، سەرباری ئەوەی کارێکی بەدە، تەبایی تێکدەرە و، شیرازەی کۆمەڵگا بنکۆڵ دەکا؛ ئایینی ئیسلام بە کارێکی بەد و خراپی داناوە؛ قورئان لە پەنجاوهەشتەمین ئایەتی سوورەتی (الاحزاب)دا دەفەرمێت: (ئەو کەسانەی ئازاری بڕوادارێک دەدەن بەبێ ئەوەی هەڵە یان تاوانێکیان کردبێت ئازاردراوەکە نێر بێ یان مێ ئەوە بە ڕاستی ئەو ئازاردەرانە شانیان داوەتە بەر لەکەدارکردن و تاوانبارکردن و گوناهبارییەکی زۆر دیار)، بۆیە بە گەڕانەوەیەک بۆ سەرچاوەکانی ئایین دەبینین، هەمیشە ئەوە دێنێتەوە بیری بڕواداران کە ئەو کەسەی دەیەوێ ژیانێکی ئارام و خۆش بباتە سەر و لە دنیا و دواڕۆژدا ڕزگاری ببێ و فڕێ نەدرێتە ناو دۆزەخ با زمانی بگرێ و هەرکەسێ بێدەنگ بوو ئەوا ڕزگاری دەبێ. بختانکردن، درۆیەکی قێزەونە کە گوێگر تووشی سەرسوڕمان دەکا
بەهۆی قێزەونیەوە. بریتیە لەو تاوانەی کە کۆکەرەوەی تاوانەکانە لە یەک کاتدا وەکو تاوانی درۆ و بوختان و لەکەدارکردن (قژف). هۆکارەکانی بختانکردن و درۆهەڵبەستن؟
١ – کزی و لاوازیی ئیمانی بختانکەر؛
2 – گومانی خراپ بردن بە کەسی بختان بۆ هەڵبەستراو.
3 – ڕق و کینە لە بختانپێکراو جا لەبەر ماڵ و سامانەکەی بێ یان پێگە
و پلە و پۆستەکەی لەناو خانەوادە و کۆمەڵگادا؛ یان ئیرەیی پێ بردن.
4 – هاوئاوازی نەفس و هەوای خراپ و بەشداریکردنی کەسانی تر لە
کاتی بختانکردن و ئاگرخۆشکردن بۆ بوختانپێکراو.
5 – گاڵتەکردن بە بختانپێکراو؛ ئابڕووبردن.
زەرەرەکانی بختان و درۆهەڵبەستن هەروەک ئاشکرایە هەر کارێک کە نەهی لێ کرابێ بەهۆی ئەو زەرەرانەوەیە کە لە دەرەنجامی ئەو کارە پەیدا دەبێ، بختانیش کۆمەڵێک زەرەری هەیە لەسەر تاک و کۆمەڵگا؛ لەوانە:
١ – هۆکارە بۆ بڵاوبونەوەی ڕق و کینە و پچڕانی پەتی خزمایەتی لە کۆمەڵگادا.
2 – هەندێجار دەبێتە هۆی داڕمانی بوختانپێکراو لە لایەنی ماددی و مەعنەوی، یان دەبێتە هۆی بەندکردنی بە بێتاوان، یان سەرگەردانخستنی لەناو ماڵ و نیشتمانی خۆیدا، یان خورانی ماڵەکەی، یان هەندێجار کوژرانی.
3 – دەبێتە هۆی ئاوەژوکردنەوەی پێوەر و ڕاستیەکان؛ ڕاست بە درۆ نیشان دەدرێ و درۆ بە ڕاست؛ تاوانبار دەکاتە بێتاوان و بێتاوان دەکاتە تاوانبار؛ بێتاوان بە هۆی بوختانەوە تاوانبار کراوە، هەندێ جاریش کوژراوە.
4 – ڕاستیەکانی مێژوو دەشێوێنێ و شکۆی سەرکردەکان لەبەرچاوی
خەڵک ناهێڵێ، هەروەک بیستومانە و دەشبیسین ئەوانەی کاریان درۆ و شێواندنی ڕاستی و نانەوەی دووبەرەکیە، بەردەوام جوێن بە سەحابە و سەرکردەکانی ئیسلام و سەرکردە نەتەوەییەکان دەدەن و درۆ و بختانیان
بۆ هەڵدەبەستن.
سزای بوختانکەر بە گوێرەی ئایەتی قورئانی پیرۆز و فەرمایشتەکانی پێغەمبەر دروود و سڵاوی خوای لەسەر، بختانکردن تاوانێکی هەرە گەورەیە و یەکێکە لە نیشانەکانی کەسی دووڕوو؛ کەسی بختانکەر کەسێکە لە ڕووی دەرونیەوە ڕووخاوە و هەمیشە لەترسدا دەژیێت، هەندێجار دەبێتە هۆی بەندکران یان کوژرانی؛ لە دواڕۆژیشدا مایەپووچ دەکەوێ و هیچ چاکەیەکی بۆ نامێنێتەوە و گوناحەکانی بختانپێکراویش هەڵدەگرێ و دەچێتە دۆزەخەوە و دەموچاوی خۆی دادەڕنێ بە نینۆکی مسین و، خوداش لێی تووڕە دەبێ،ئەگەربێتو تەوبە نەکا و گەردەنئازایی لە بوختانپێکراوەکە نەخوازێ.