رۆژی دووشەممە (28ـی ئابی 2023) وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، بە مەبەستی بەردەوامیدان بە پەیوەندیەکان رۆژی یەکشەممە 27ـی ئەم مانگە کۆبوونەوەی تایبەت هەبووە لە نێوان لیژنەی تایبەتمەندی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێم و وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق بۆ تاوتوێکردنی چۆنیەتی بەرێوەبردنی دۆسیەی ئاو.
لە روونکردنەوەکەدا هاتووە، “لەژێر رۆشنایی ئەو تێگەیشتن و هەماهەنگیانەی لە نێوان هەردوولادا هەیە، هیچ جۆرە ناکۆکییەک لەسەر ستراتیژی بەرێوەبردنی ئاو نییە و ئەو بابەتانەی کە بڵاوبوونەتەوە لە سۆشیاڵ میدیا هیچ بنەمایەکی دروستیان نییە”.
وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی ئاماژەی بەوەشکردووە، هیچ کۆبوونەوەیەک هەڵنەوەشاوەتەوە لەسەر بنەمای ناکۆکی نێوان هەردوو وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق، بە پێچەوانەوە پەیوەندییەکانی نێوانیان لە ئاستێکی زۆر باشدان.
هاوکات ئەوەشی روونکردووەتەوە، لەپێناو پارێزگاری لە ئاسایشی ئاوی عێراق و هەرێمی کوردستان، هەردوو وەزارەتەکە بەیەکەوە کاردەکەن بە ئامانجی رووبەڕووبونەوەی ئاستەنگ و گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی دیاردەی کەمبوونەوەی ئاو بۆ سەر کەرتی کشتوکاڵ و هاووڵاتییان بەگشتی.
هەروەها وەزارەتی کشتوکاڵ باسی لەوەشکردووە، دۆسیەی ئاو بەپێی دەستوور رێکخراوە لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی و بۆ ئەو مەبەستەش هەردوو وەزارەت پەیوەندییە هاوبەشەکانیان رێکخستووە و لە سەر بنەمای پێکەوە کارکردن بەردەوام دەبن.