پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

مەسرور بارزانی بڕیارێک لە بەرژەوەندیی خەڵكی هەژار و كەمدەرامەت دەردەکات

پارێزگارى هەولێر رایدەگەیەنێت، لەسەر بڕیاری سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، “خەمڵاندنی نرخی زەویی سندووقی لە 30% كراوەتە 10% و تاپۆ دەكرێن و رێگەپێدانی خانووكردنیان پێ دەدرێت.”

ئەمڕۆ دووشەممە 28ـی ئابی 2023، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هه‌ولێر لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد، بۆ زەویی سندووقی و خانووكردن لە حەرەمی گوندەكان و رێگەپێدان بۆ نۆژەنكردنەوەی خانوو لە كۆمەڵگاكان،  مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی کوردستان رەزامەندی لەسەر چەند بڕیارێك دەربڕیوە. گوتیشی: “خەمڵاندنی نرخی زەویی سندووقی لە 30% كراوەتە 10% و تاپۆ دەكرێن و رێگەپێدانی خانووكردنیان پێ دەدرێت.”

پارێزگاری هه‌ولێر ئاماژەی بەوەش کرد: “پێشتر ئەو رێنوێنییانەی كە بۆ زەویی سندووقی دەركرابوون تێبینییان لەسەر هەبوو، بەهۆی ئەوەی داواكارییەكی زۆری خەڵك هەبوو بۆ ئەوەی پێداچوونەوە بە رسووماتدا بكرێت، چونكە ئەوكات خەمڵاندنی تاپۆكردنیان بە 30%ی نرخی رۆژ بوو، لەو شوێنانەی كە زەوییەكانیان لێییە.”

زیاتر گوتیشی: “لە ماوەی رابردوودا، ئێمە چەند كۆبوونەوەیەكمان كرد و داواكارییەكانی هاووڵاتییان كۆ كرانەوە و تاوتوێ كران و كرانە كۆنووسێك و كۆنووسەكە پەسند كرا.”

زەویی سندووقی، ئەو زەوییانەن کە چەپ و راستیان بەشێوەی زێدەڕۆ کراون بە خانوو، بەڵام تائێستا رێگە نەدراوە ئەوان بکرێنە خانوو.

پارێزگاری هەولێر ئاشكراشی كرد، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەپێناو خەڵكی كەمدرامەتدا رەزامەندیی دەربڕیوە، گوتیشی: “كۆنووسەكەمان بۆ سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان نارد، ئەویش لەپێناو كارئاسانی و هاوكاریی خەڵكی هەژار و كەمدرامەت، لە زەویی سندووقی و فراوانكردنی حەرەمی گوند، بەپێی پێویست و نۆژەنكرنەوەی ئەو خانووانەی كە لە شوێنەكانی دیكە كراون، جەنابی سەرۆكی حكوومەت رەزامەندیی لەسەر كۆنووسەكە داوە.”

ئومێد خۆشناو روونیشی كردەوە: “كۆنووسەكە لەم چەند رۆژە رەزامەندیی سەرۆكی حكوومەتی بۆ وەرگیراوە و لەم هەفتەیەدا كۆبوونەوە بە فەرمانگە پەیوەندیدارەكان دەكرێت و رێنوێنیی تازە بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكان دەردەكرێت.”

پارێزگاری هەولێر بڕیارێكی دڵخۆشكەری ئاشكرا كرد و گوتی: “بڕیاری زۆر باش دراون، خەمڵاندنی نرخی زەوەیی سندووقی لە 30% كراوەتە 10% و تاپۆ دەكرێن و رێگەپێدانی خانووكردنیان پێ دەدرێت، هەروەها هەر شوێنێك پێویست بكات بۆ فراوانكردنی حەرەمی گوند، لێژنەكانی شارەوانی ئامادەكاریی بۆ دەكەن و راسپاردەی یەكە ئیدارییەكان دەدرێتە پارێزگا و ئەنجوومەنی پارێزگاكان و بۆ فراوانكردنی حەرەمی گوندەكان رەزامەندیی لەسەر دەدرێت.”

ئومێد خۆشناو ئاشكراشی كرد، بەپێی بڕیارەكان، دەست دەكرێت بە رێگەپێدانی نۆژەنكردنەوەی خانووەكان لە كۆمەڵگاكان و شوێنەكانی دیكە، گوتیشی: “ئەو خانووانە پێشتر لەو شوێنانە دروست كراون و رێگەیان پێ نەدەدراوە نۆژەن بكرێنەوە، ئێستا هەواڵی خۆش بۆ ئەوان ئەوەیە، بڕیاری رێگەپێدانی نۆژەنككرنەوە دەدرێت و نۆژەنكردنەوەكانیش دەست پێ دەكەنەوە.”