ھەرێمی کوردستان خاوەنی دوو سەد تریلیۆن پێ سێجا گازی سروشتییە

ئاریان دەرگەڵەیی – هەولێر

پەیمانگەی مێدیتریانە بۆ توێژینەوەی ھەرێمایەتی -MIRS. تازەترین توێژینەوەیان بەناوی (جیۆپۆڵەتیکی گازی سروشتیی ھەرێمی کوردستان: چەقبەستن یان دیدگایەکی نوێ) بڵاو کردۆتەوە، بەھرۆز جەعفەر کە بەرپرسی پەیمانگەکەیە سەرپەشتی توێژینەوەکەی کردووە. لەم توێژینەوەدا، پەیمانگەکە تیشکی خستۆتە سەر یەدەگی نەوت و گازی سرووشتیی ھەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوە داوە ئەگەر ھەرێمی کوردستان دیدگایەکی نوی بۆ ئاسایشی وزە پێک بھێنێت و دامەزراوەی کارا دروست بکات، گازی سرووشتیی ھەرێم لە توانایدایە گۆڕانێکی جیۆپۆڵەتیکی بەرجەستە بکات. نێوەندگیرییەکانی خۆرئاوا (ویلایەتە یەکگرتوەکان و ئەوروپا) ھەوڵ دەدات پێگەی ھەرێمی کوردستان و ئامانجەکانی لە ئاستی ناوچەییدا جێ بکاتەوە و بپارێزێت. لە سەرەتای توێژینەوەکەیاندا پەیمانگەکە ناساندنێکی بۆ گازی سروشتی ھەرێمی کوردستان کردووە نووسیویەتی: ھێشتا ھەرێمی کوردستان خاوەنی ژێرخانی ھێڵی لوولەی خۆیەتی؛ لوولەی نەوتی کوردستان لە “کێڵگەی تەقتەق “ـەوە دەست پێ دەکات کە بە (٨١) کیۆمەتر بەستراوە بە کێڵگەی خورمەڵەوە، لە خورمەڵەوە بە درێژیی (٢٨١) کیلۆمەتر لوولەی نەوتی ھەرێمی کوردستان گەیشتووەتە فیشخابوور لەسەر سنووری تورکیا، لەوێشەوە بەستراوەتەوە بەو ھێڵەی تورکیا لەناو خاکی خۆیدا لە (١٩٧٣) بەدواوە دروستی کردووە تا بەندەری جەیھان لە سەر دەریای ناوەڕاست. ھەرێمی کوردستان لە ساڵی (٢٠١٤)دا ئەم ھیڵە لوولەی بنیاد ناوە، سەرەتا دیزاینی لوولەکە وا کراوە کە حەوت سەد ھەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا بگوێزێتەوە، بەڵام لە (ئۆکتۆبەری ٢٠١٧) ڕۆس نەفت ھاتە ناو پرۆسەی گەشەپێدان و توانستکردنی چالاکیی لوولەکەوە، بڕیار بوو کە توانای گواستنەوە بۆ نۆ سەد و پەنجا ھەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا بەرز بکرێتەوە. بە پێی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، ھەرێمی کوردستان خاوەنی دووتریلیۆن پێ سێجا گازی سروشتییە (نزیکەی پینج پۆینت حەوت تریلیۆن مەتر سێجا)، بەڵام ڕاستییەکەی ئەوەیە، کە ھەرێمی کوردستان ڕێبەرایەتی بیست و پێنج تریلیۆن پێ سێجا گازی سەلمێنراو و سەد و نەوەد و هەشت تریلیۆن پێ سێجا گازی نە-سەلمێنراو دەکات. یەدەگی سەلمێنراو ئەو نەوت و غازەیە کە ئێمە لەبارەیەوە دەزانین (واتە ئاستی متمانەمان لەسەروو ٩٠٪ لەسەریان ھەیە)، لەکاتێکدا یەدەگی نەسەلمێنراو ئەو نەوت و غازەیە کە کەمتر دڵنیاین لێیان، بەڵام ھەندێک ئاماژەمان ھەیە بۆ بوونیان و دەکرێت لە ڕێگەی تەکنیکی نوێی پێشکەوتوەوە ئەوانیش بسەلمێنرێن. پێشبیینیەکان، بەو ئاراستەیەدا بەھێزن کە لە داھاتوودا گازی سروشتی دەبێتە فاکتەرێکی گرنگتری بازاڕەکانی وزە، بە تایبەت لە پەیڕەوکردنی سیاسەتی سفر کاربۆن و پاراستنی ژینگە. لە بەشێکی توێژینەکەدا ھاتووە لە سێپتەمبەری ٢٠٢١ دا، ویلایەتە یەکگرتوەکان، بە بڕی دوو سەد و پەنجا ملیۆن دۆلار پاڵپشتی دارایی کێڵگەگازی کۆرمۆری کردووە، ئەوەش بۆ فراوانترکردنی وێستگەکانی کێڵگەکە (کە بە KH٢٥٠) ناسراوە. چاوەڕێ دەکرێ لە کۆتایی (٢٠٢٤)دا ئاستی بەرھەمی ئەم کێڵگە سەرەکییە بگاتە حەوت سەد و پەنجا ملیۆن پێ سێجا لە ڕۆژێکدا و ساڵی دواتریش ھەنگاو بنێ بەرەو یەک ملیۆن پێ سێجا گازی سرووشتی ڕۆژانە. ئیمارات لە ڕێگەی کۆمپانیای داناگاز و کرێسنت پیترۆلیۆمەوە لە کێڵگەی کۆرمۆر کە شادەماری ئابوریی ھەرێمی کوردستاندا کار دەکات، کە ڕۆژانە پینج سەد ملیۆن ستاندارد- پێ سێجا گازی سرووشتی بەرھەم دەھێنێت. ھەروەھا لە نیوەی یەکەمی ٢٠٢٣دا، ئاستی بەرھەمھێنانی نەوت کە لە کێڵگە گازییەکەوە دەست دەکەوێت بە ڕێژەی (٦٪) بەرز بۆتەوە بە تێکڕای هەزار و نۆ سەد بەرمیل کۆندێنسەیتی ڕۆژانە، نزیکەی بیست ھەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا بەرھەم دەھێنێت. ئینجا کێڵگەکە، بەشێکی زۆری پێداویستییەکانی گازی شلی ماڵان لە ھەرێمی کوردستان پڕ دەکاتەوە. بەگشتی داناگاز سەرچاوەی کارەبایە بۆ نزیکەی پێنج ملیۆن ھاوڵاتی ھەرێمی کوردستان و عێراق. ئەم ھەوڵە ئەکادیمییە، نیشانی دەدات کە ئاستی گازی سرووشتی و نەوتی ھەرێمی کوردستان، توانای خۆگونجاندنی لەگەڵ بازاڕی ئابوریی جیھانییدا ھەیە. ھەروەھا بە دیدێکی ڕیالیستیانە دەگەڕێت، تاوەکو دەرفەتە جیۆپۆڵەتییەکییەکان لە ناو سیسیتەمی ھەرێمایەتی نوێدا بۆ گازی سرووشتی کوردستان بدۆزێتەوە و تۆختریان بکاتەوە. لە بەشێکی دیکەی توێژینەوەکەدا باس سێگۆشەی ھەرێمی کوردستان- ئەنقەرە- کەنداو کراوە ئاماژەیان بەوە داوە کە وڵاتانی کەنداو یان ئەنجومەنی ھاریکاری کەنداو (GCC) دەتوانن گرنگ بن بۆ کۆکردنەوەی پشتیوانی ناوچەیی و جیھانی بۆ ھەولێر. ھەروەھا دەیانەوێت وەک گەورەترین کوتلەی وزە لەجیھاندا دەربکەون، لەکاتێکدا کە ڕۆژئاوا تینووە بۆ سەرچاوەی گازیی جێگرەوە، لە کاتێکدا شەڕ لە ئۆکرانیا بەردەوامە. سەرەتای شوباتی ٢٠٢٢، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستانی عێراق، گەشتێکی بۆ ئەنقەرە کرد بۆ تاوتوێکردنی پەیوەندییە نزیکەکانی وزە لەگەڵ سەرۆک کۆماری تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان. ھەر لەو مانگەدا ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند کە تۆڕی بۆڕی غازی خۆی بەرەو سنووری تورکیا درێژ دەکاتەوە، لە ڕێگەی بۆرییەکی ١١٢ میلمەترییەوە کە بەڵێنی کردنەوەی یەدەگی بەرفراوانی دابینکردنی غاز دەدات. ئەمە ھەنگاوێک بوو وەک بوێریکردنی تواناکانی ھەناردەکردنی کورد دەرکەوت، ھەروەھا ئەوەی نیشاندا، کە پێگەی تورکیا وەک ناوەندێکی سەرەکی دابینکردنی غاز، بەتایبەتی بۆ بازاڕەکانی ئەوروپا بابەتێکە ھەموو کات بیرلێکراوەیە. دوو ھەفتە دوای سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ ئەنقەرە، لە میانەی سەردانێکدا بۆ قەتەر و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی، مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان تاوتوێی تواناکانی غازی کوردستانی کرد. بەجۆرێک لە ماوەی دوو مانگدا سەرۆکی حکومەتی ھەرێم دوو جار سەردانی ئیماراتی کردووە، یەکەمیان بۆ بەشداریکردن لە لووتکەی حکومەتەکان لە ١٥ـی شوباتی ٢٠٢٢، دووەمیان بۆ بەشداری لە لووتکەی وزە (٢٨-٢٩ـی ئاداری ٢٠٢٣)دا بەڕێوە چوو، تیایدا ئامانجی سەردانەکەی بۆ وڵاتی ئیمارات تایبەت کرد بە کەرتی وزە و گفتوگۆ سەبارەت بە پەرەسەندنە ھەرێمییەکان. سەردان و گفتوگۆکانی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ ئیماراتی یەکگرتوو، وەک دیاردەیەکی بەردەوام، ئاسۆی سێگۆشەیەکە کە دەتوانێت جیۆپۆلەتیکی ناوچەیی و سیستەمی ئابووریی ناوچەیی بە شێوەیەکی بەرچاو بگۆڕێت، بە سوودوەرگرتن لە گەرمبوونی پەیوەندییەکانی ئەم دواییەی نێوان تورکیا و دەوڵەتانی ئەنجومەنی ھاریکاری کەنداو.