ئەمڕۆ پێنجشەممە 2ى 12 ى 2021، مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆدەبێتەوە و بەرپرسێکی پارتیش دەڵێ، یەکێک لە تەوەری کۆبوونەوەی ئەمڕۆ، ئەنجامی ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق و بردنی دوو کورسیی پارتییە.
بڵند ئیسماعیل، بەرپرسی لقی 16ی پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: بڕیارە ئەمڕۆ مەکتەبی سیاسی پارتیمان کۆببێتەوە، کۆبوونەوەکەش لەبارەی رەوشی گشتی و قۆناغی ئێستایە، چونکە ھەموو رۆژانی پێنجشەممە کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسیی پارتیمان بەڕێوە دەچێت و هەفتانە لەبارەی تەوەری جیاواز کۆبوونەوەکە ئەنجام دەدرێت.
بەرپرسەکەی پارتی ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: “یەکێک لە تەوەری کۆبوونەوەی ئەمڕۆی مەکتەبی سیاسیی پارتیمان، بابەتی ئەنجامی ھەڵبژاردن و بردنی دوو کورسیی پارتییە لە سنووری ھەولێر و نەینەوا، مەکتەبی سیاسی ئەمڕۆ رێوشوێنی تۆمارکردنی سکاڵا دەگرێتە بەر”.
بڵند ئیسماعیل دەشڵێت: “ئەو دوو کورسییە پارتی بە مافی یاسایی خۆی دەزانێت و پێویستە بگەڕێندرێنەوە، چونکە پێشتر برادەرانی یەکێتی لە ھەولێر سکاڵایان ھەبوو لەسەر ئەو بازنەیە و دوای ژماردنەوەی دەنگەکان بە دەست، ئەنجامەکان ھاوشێوەی ئەلیکترۆنی دەرچوون”.