وهزارهتی خوێندنی باڵا و توێژینهوهی زانستیی له كۆبوونهوهیهكدا، ئامادەکارییەکان و پلانى وەرگرتنی لە زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکانى هەرێمى کوردستان بۆ ساڵى نوێى خوێندنى (2023 – 2024)ی تاوتوێكرد و لهو بارهیهوه د. ئارام محهمهد قادر، وهزیری خوێندنی باڵا و توێژینهوهی زانستیی ڕایگهیاند، “وەک ساڵانى پێشوو زۆرترین دەرفەتى خوێندنى گشتیى بۆ کوڕان و کچانى وڵاتى خۆمان دەڕەخسێنین”.
به سهرپهرشتی د. ئارام محهمهد قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، ڕۆژی چوارشهممه (23ـی ئابی 2023) له دیوانی وهزارهت به بهشداری بەڕێوەبەرى گشتى خوێندن و پلاندانان و بەدواداچوون و بەڕێوەبەرى ناوەندى وەرگرتن، کۆبوونەوەیەک لەگەڵ بەڕێوەبەرى تۆمارى سەرجەم زانکۆ حکومییەکانى هەرێمى کوردستان بەڕێوەچوو، لەکۆبوونەوەکەدا پلان و ئامادەکارییەکانى وەزارەت تایبەت بە وەرگرتنى خوێندکاران و قوتابیان بۆ ساڵى خوێندنى (2023 – 2024) گفتوگۆى لەبارەوە کرا.
لە سەرەتادا وەزیرى خوێندنى باڵا پیرۆزبایى لە قوتابیان و خوێندکارانى دەرچوى قۆناغى دوانزەى ئامادەیی کرد، هیواى سەرکەوتنى لە قۆناغى داهاتوى ژیان بۆ خواستن، دواتر سوپاسى سەرجەم مامۆستایان، فەرمانبەرانى زانکۆکان و بەڕێوەبەرایەتى تۆمارى زانکۆکانى ههرێمی کوردستانى کرد بۆ ماندوبوون و شەونخوونیان و خزمەتکردن بە نەوەى داهاتوى هەرێمەکەمان.
لهو چوارچێوهیهدا، د. ئارام محهمهد قادر ئاماژهی به ئامانجی كۆبوونهوهكه كرد و ڕایگهیاند، بۆ یەکەمجار لە مێژوى خوێندنى باڵا لە هەرێمى کوردستان لە ماوەى ساڵانى ڕابردوو، توانیمان زۆرترین ڕێژەى پلانى وەرگرتن بۆ دەرچووانى دوانزەى ئامادەیى لە زانکۆ و پەیمانگەکان تەرخان بکەین و هەلى گونجاوى خوێندن لە زانکۆ حکومییەکان بۆ دەرچووان بڕەخسێنین و لانى کەمى ڕەنگدانەوەى دادپەروەرى و شەفافیەت و یەکسانى بێت لە نێوان کوڕان و کچانى هەرێمەکەمان.
وتیشی: وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینهوهی زانستی بەڕەچاوکردنى کوالێتى خوێندن و لەچوارچێوەى جێبەجێکردنى پلانێکى تۆکمە، ئهمساڵیش کار بۆ وەرگرتنى خوێندکاران و قوتابیان لە زانکۆ و پەیمانگەکان دەکات.
سهبارهت به پرسى دارایى و بارودۆخى قوتابیان و خوێندکاران، وەزیرى خوێندنى باڵا وتی: بەهۆى داشکان لە کرێى خوێندن ساڵانە دەیان ملیار دینار بۆ خانەوادەى خوێندکاران و قوتابیان گەڕێنراوەتەوە، ئەمەش لە پێناو ئهوەى پارە نەبێتە ڕێگر لەبەردەم بە دیهێنانى خەون و خولیاکانى گەنجانمان، بۆیە وەک ساڵانى پێشوو ڕێگە نادەین پرسى دارایى ببێتە هۆکار بۆ لەبارچوونى خەونى لاوەکانمان.
لەبەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا لەلایەن بەڕێوبەرى گشتى خوێندن و پلاندانان و بەدواداچوون و بەڕێوەبەرى ناوەندى وەرگرتن و بەڕێوەبەرى تۆمارى گشتى زانکۆکان، گفتوگۆ لەبارەى شێواز و بابەتەکانى تایبەت بە وەرگرتن بۆ ساڵى نوێى خوێندن کرا و بڕیارى پێویستیان لەبارەوە درا.