هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 1, 2024
Image default

پارێزگای هه‌ولێر: هاووڵاتییان دەتوانن بۆ ماوەى یەک ساڵ بە ئوتۆمبێلى خۆیان سه‌ردانی ئێران بكه‌ن

له‌مه‌ودوا هاووڵاتییانی هه‌رێمی كوردستان ده‌توانن بۆ ماوەى یەک ساڵ بە ئۆتومبێلى تایبەتی خۆیان و بارهەڵگر و هەموو جۆرە ئۆتومبێلێکى دیکە هاتووچۆ و گەشت بۆ کۆمارى ئیسلامى ئێران بکەن.

به‌ گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوی پارێزگای هه‌ولێر، ئه‌مڕۆ (چوارشه‌ممه‌ 23ـی ئابی 2023) ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و نەسڕوڵڵا ڕەشنوودى، سەرکونسوڵى کۆمارى ئیسلامى ئێران لە هەولێر كۆبوونه‌ته‌وه‌ و له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا بڕیار درا بۆ له‌مه‌ودوا هاووڵاتییانی هه‌رێمی كوردستان ده‌توانن بۆ ماوەى یەک ساڵ بە ئۆتومبێلى تایبەتی خۆیان و بارهەڵگر و هەموو جۆرە ئۆتومبێلێکى دیکە هاتووچۆ و گەشت بۆ کۆمارى ئیسلامى ئێران بکەن.

راگه‌یه‌ندراوی پارێزگای هه‌ولێر ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردووه‌، دوابەدواى لێکتێگەیشتن و رێککەوتنامەکانی دوو ساڵی رابردووی نێوان پارێزگارى هەولێر و پارێزگاری ئازاربایجانی رۆژئاوا “ورمێ”، کە پێشکەوتن و بەرەپێشچوونى ئه‌رێنی لە جێبەجێکردنى خاڵەکانى بەخۆیەوە بینیوە لە زیادکردنى جموجۆڵی بازرگانی و ئابووری و ئاسانکارى بۆ هاتووچۆى هاووڵاتییان و گەشتیارانى هەردوولا لە خاڵی سنووری نێودەوڵەتى حاجی ئۆمەران – تەمەرچین و زۆربەى خاڵەکانى هەردوو ڕێککەوتنامە جێبەجێ کراوە، لە کۆبوونەوەى ئەمڕۆی نێوان پارێزگارى هەولێر و سەرکونسوڵى کۆمارى ئیسلامى ئێران لە هەولێر، خاڵێکى دیکەى ئەو ڕێکەوتنامانەیە کە خواست و داواکارى پارێزگاى هەولێر بووە، لە پێناوى خزمەتکردنى زیاترى هاوڵاتییان و پێشکەشکردنى کار ئاسانى بۆ گەشتکردن و هاتووچۆیان بۆ کۆمارى ئیسلامى ئێران بە ئۆتۆمبێلى تایبەتى خۆیان دەچێتە بوارى جێبەجێکردنەوە.

هه‌روه‌ها راگه‌یه‌ندراوی پارێزگاری هه‌ولێر باسی له‌وه‌ كردووه‌‌، هەردوولا لە کۆبوونەوەى نێوانیاندا ڕێککەوتن، هاوڵاتییانى سنوورى پارێزگاى هەولێر و هەرێمى کوردستان لە رێگەى وەرگرتنى کارتێکى تایبەت “دەفتەرچە” کە یەکجار مامەڵەى وەرگرتنى دەکرێت و بە نرخێکى کەمى دیاریکراو ئەو کارتە وەردەگرن، دەتوانن بۆ ماوەى یەک ساڵ بە ئۆتومبێلى تایبەت بە خۆیان و بارهەڵگر و هەموو جۆرە ئۆتومبێلێکى دیکە هاتووچۆ و گەشت بۆ کۆمارى ئیسلامى ئێران بکەن.

هاوكات روونیشیكردووه‌ته‌وه‌، لە ئێستادا میکانزمى سەرجەم ئەو رێکار و رێوشوێنانەی تایبەتن بەو پرسە دانراوە و یەکلایی کراوەتەوە، لە ماوەیەکى نزیکیشدا بەپێى رێکكار و رێنماییە بەرکارەکانی هەردوو وڵات دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.