دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

هەڵمەتی نیشتیمانی کۆکردنەوە و لە ناوبردنی پاشماوەی دەرمان ڕاگەیەنرا

بە ئامادەبوونی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و عەبدولڕەحمان سدیق، سەرۆکی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی حکوومەتی هەرێم و بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی هەولێر و سەرۆکی شارەوانیی هەولێر و ژمارەیەکی دیکە لەئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر و پزیشک و پسپۆڕان و بەرپرسانی یەکە ئیداری و کارگێرییەکان، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولێر بە هەماهەنگی سەرۆکایەتیی شارەوانیی و بەڕێوەبەرایەتیی خزمەتگوزاریی ژینگەپارێزی هەولێر، لە پێناو پاراستنی ژینگە و تەندروستیی هاوڵاتییان لە ژەهراوی بوونی خاک و پاشماوەی ئاسایی، بۆ یەکەمین جار لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان، لە هەولێر لە ڕێورەسمێکدا، پڕۆژەی (هەڵمەتی نیشتیمانیی کۆکردنەوە و لەناوبرنی پاشماوەی دەرمانی بەکارنەهاتوو و ماوە بەسەرچووی ماڵان)ی ڕاگەیاند.

لە ڕێورەسمەکەدا، پارێزگاری هەولێر لە وتارێکدا وێڕای دەستخۆشی لە بەرێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولێر و سەرۆکایەتیی شارەوانیی و بەڕێوەبەرایەتیی خزمەتگوزاریی ژینگەپارێزی و خاوەنی بیرۆکەی پڕۆژەکە، ڕایگەیاند: هەندێک بابەت هەیە تەنها بە یاسا و ڕێنماییەکان و ئیجرائات وەرگرتنی دەزگا و فەرمانگە جێبەجێکارەکان ئەنجامی نابێت، بەڵکو پێویستی بە هەڵمەتی نیشتیمانیی یەکانگیر هەیە لەگەڵ خواست و ئامانجی خەڵک و دامەزراوە و دەزگا فەرمییەکان، بەوشێوە ئەنجامی دەبێت و لەدەرەنجامیشدا مرۆڤایەتی سوودمەند دەبێت، بۆیە پێویست دەکات لە هەڵمەتی وەهادا و بەگشتی لە پرسی ژینگە پارێزی و سەوزکردنی شار و بە فیڕۆنەدانی ئاو و خۆشویستنی مرۆڤایەتی و یەکتر قەبوڵکردن وپێکەوەژیان و هەموو ئەو بابەتانەی تردا هەڵمەتی نیشتیمانی ڕابگەێنرێت.
لە کۆتایشدا ڕایگەیاند: وەک پارێزگای هەولێر وێڕای پشتیوانیکردنمان لەو هەڵمەتە، داوا لە هاوڵاتییانی سنووری پارێزگاکەمان دەکەین کە یەکەمین هەڵمەتی نیشتیمانییە لە سنووری شارەکەمان ساز دەکرێت، هاوکار و هەماهەنگ بن و هەموو لایەک بەشدار بن، بەوهیوایەین ئەم هەڵمەتەش لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان و عێراق جێبەجێ بکرێت.
جێگەی باسە، (هەڵمەتی نیشتیمانیی کۆکردنەوە و لەناوبرنی پاشماوەی دەرمانی بەکارنەهاتوو، یان ماوە بەسەرچووی ماڵان) خزمەتێکی زۆر دەگەێنێت بە هاوڵاتییان و بەمشێوەیە دەبێت:-
١- هەموو ئەو ئۆتومبێلانەی ڕۆژانە لەگەڕەک و شوێنە گشتییەکان زبڵ و پاشماوە کۆدەکەنەوە، شوێنێکی تایبەتیان دەبێت بۆ پاشماوەی دەرمانی بەکارنەهاتوو و ماوە بەسەرچوو و هاوڵاتییانیش دەرمانی بەکار نەهاتووە و بەسەرچووەکانی ماڵەکانیان لە کیس و زەرفی جیا جیاواز دەکەنەوە لەگەڵ زبڵ و پاشماوەی تری ماڵەکانیان.
٢- لەسەرجەم بنکە تەندروستیی و نەخۆشخانەکان، سەبەتەی خاشاک تایبەت دیاریکراوە بە پاشماوەی دەرمانی بەکارنەهاتوو و ماوەبەسەرچوو و بەهامان شێوە هاوڵاتییان دەتوانن دەرمانی بەکار نەهاتووە و بەسەرچووەکانی ماڵەکانیان لەکاتی سەردانیان بۆ ئەو شوێنانە فڕێبەدەنە نێو ئەو سەبەتە تایبەتانەوە.