دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

ئەمڕۆ وەزیری دەرەوەی تورکیا سەردانی هەولێر دەکات

بڕیارە ئەمڕۆ، هاكان فیدان، وەزیری دەرەوەی توركیا بگاتە هەرێمی كوردستان و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی كوردستان كۆ ببێتەوە، هاتنی فیدان لەڕووی دیبلۆماسی و ئاساییشی ناوچەكە گرنگییەكی بێوێنەی هەیە.

فیدان، زیاتر لە 10 ساڵە، بەرپرسی دەزگای هەواڵگری توركیایە و جێی متمانەی رەجەب تەییب ئەردۆغانە، تەنانەت هەندێك لە شڕۆڤەكارانی سیاسی پێیانوایە، لەدوای ئەردۆغان، فیدان دەبێتە شوێنگرەوەی، بۆیە لە هاوكێشەی سیاسی توركیا و ناوچەكە كەسایەتییەكی گەورەیە.
ئەو پرسانەی فیدان، لەگەڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆك وەزیران و سەرۆك بارزانیدا باسی دەكات، پرسی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم و پاراستنی سنوور و پەیوەندی ئابوورییە، بەڵام ئەوەی لە پشتی پەردەوە قسەی لەسەر دەكرێت، دوو بابەتی تریش هەن، كە بەگرنگییەوە قسەی لەسەر دەكرێت، بەتایبەت لەگەڵ سەرۆك مەسعود بارزانیدا.
ناوچەكە پێویستی بە کوردستان هەیە، بەتایبەت بۆ پرسی ئاشتی و سەقامگیری، پێشتریش پەیوەندی دیبلۆماسی نێوان هەرێم و تەرکیا، زۆر بابەتی گرنگی لێ بەرهەم هات.
بابەتێکی کۆبوونەوەکانی وەزیری دەرەوەی تورکیا و بەرپرسانی هەرێم ، پەیوەندی بە پرسی چارەسەری هەیە، بەتایبەت ئێستا بەنهێنی باس لە پەیوەندی نێوان هەدەپە و ئاكەپە دەكرێت، بەوەی لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكاندا، كە تەنیا حەوت مانگی ماوە، هەدەپە، لە ئیستانبۆڵ و ئەنكەرا، پشتگیری لە بەربژێری ئۆپۆزسیۆن نەكات، لەبەرامبەردا پرسی چارەسەری بهێنرێتەوە بەرباس و هەروەها ئاكەپەش بەڵێنی داوە، كە شارەوانییەكانی هەدەپە قەیووم نەكات.
وەكوو ئەوەی موراد سابونجوو، رۆژنامەنووسی دیاری توركیا باسی لێوە دەكات، رەنگە فیدان لەبارەی پرسی چارەسەری قسە لەگەڵ بارزانیدا بكات و بۆچوونی وەربگرێت.
دەبێت باس لەوە بكرێت، كە فیدان، ماوەیەكی زۆر هەوڵی چارەسەركردنی پرسی كوردیدا لە توركیا، بەتایبەت لە دانیشتنی ئۆسلۆ لە 2007 تا 2009، فیدان ئەوكات جێگری سەرۆكی دەزگای هەواڵگری توركیا بوو و هەروەها نوێنەری ئەردۆغان بوو، بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ پەكەكەدا، پڕۆسەكە بەباشی بەڕێوەچوو و لەسەر چەندین خاڵ رێككەوتن، بەڵام لەكۆتاییەكانی نووسینی رێككەوتنەكەدا، هەردوولا پاشگەز بوونەوە و لەسەر ئەو پاشگەزبوونەوەش، چەندین شڕۆڤە و بۆچوون هەن، كە دەكرێت لە داهاتوو باس بكرێت، بۆیە فیدان، لەنزیكەوە ئاگاداری پرسی چارەسەرییە لە توركیا و تەنانەت لە 2013شدا، رۆڵێكی گرنگی هەبوو، بەڵام وەكوو سەربازێكی ون كاری دەكرد بەبێ ئەوەی خۆی دەربخات.
سیاسەتی ئەم كابینەیەی حكوومەتەكەی ئەردۆغان، ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانییەتی لەگەڵ ئەو وڵاتانەی چەندین ساڵە پەیوەندی دیبلۆماسیان لەگەڵ تێكچووە، بۆ ئەم مەبەستەش فیدان، گرنگییەكی زۆری هەیە، چونكە پێشتر سەرۆكی دەزگای هەواڵگری بووە و پەیوەندی زۆر باشی لەگەڵ سەرۆكی وڵاتان و شارەزاییەكی باشیشی لەسەر ناوچەكە هەیە، بۆیە هاتنی بۆ عێڕاق و هەرێمی كوردستان، چەندین رێككەوتنی لێ دێتە بەرهەم و هەروەها باشترکردنی پەیوەندییەکانی هەرێم و تورکیا، یەكێك دەبێت لە ئەجێندای سەردانەكەی بۆ هەرێم.