دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

بە کورتی بە کوردی

هۆشیار سیوەیلی

سێ کارتە بەهێزەکەی دەستی هەرێمی کوردستان
هیچ گومانی تێدا نییە کە نیەتی ڕاســـتەقینەی بەغدا لاوازکردن و تەنانەت نەهێشـــتنی هەرێمی کوردســـتانە و زۆر زیرەکانەش پلان و پیلانەکانیان جێبەجێ دەکەن و لەم بوارەشـــدا هەندێک سەرکەوتنیان بەدەست هێناوە. بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم پیلانانە هەرێمی کوردستان سێ کارتی بەهێزی بەدەستەوەیە و پێویستە زیرەکانە بەکاریان بهێنێت؛ کارتی یەکەم یەکێتی و یەکگرتوویـــی خۆمانـــە کە ببێتە پشـــتگیری حکومـــەت و بەهێزکردنی حوکمڕانـــی و دەزگا و دامەزراوەکان.؛ کارتی دووهەم ســـوودوەرگرتنە لە پشـــتگیری نێودەوڵەتی و پێگەی بەهێزی هەرێم لـــە ناوەندە گرنگەکانی بڕیارداندا و، کارتی سێیەمیش دەستووری عێراقی فیدراڵە کە تا ئاستێکی باش مافەکانی هەرێمی کوردستانی تێدا چەسپاوە. ئەم سێ کارتە پێکەوە کێشـــەکانی نێوخۆ و گوشـــاری ئابووری و کۆمەڵایەتی و دەروونیی سەر هاووڵاتیـــان کەم دەکەنەوە و پێگەی هەرێمی کوردســـتان لە بەغدا بەهێز
دەکەن. کۆمەڵگای نێودەوڵەتی هەمیشە جەختیان لەسەر جێبەجێکردنی دەستوور کردووەتەوە و وەک گەرەنتییەک بۆ مانەوە و بەهێزبوونی هەرێم ســـەیری دەکەن، بەڵام گوشارخســـتنە ســـەر بەغدا بۆ جێبەجێکردنی دەســـتوور لە لایەن هەرێمی کوردســـتان خۆی و دۆســـتەکانی هەرێمـــەوە بەندە بە تەبایی نێوماڵی خۆمان و یەکدەنگی کوردەوە لە بەغدا و بەهێزکردنی ئەو دامەزراوانەی هەرێمی کردســـتان بەڕێوە دەبەن. دوو نموونەی دیار بریتین لە پەلەکردن لە تەواوکردنی چاکســـازییەکانی ناو وەزارەتی پێشمەرگە و، کارکردن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی شەفاف لە ساڵی داهاتوودا. مانگی دابێ جارێکی تر مەســـەلەی نوێکردنەوەی یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان وەزارەتـــی پێشـــمەرگە و وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا دێتە پێشـــەوە؛ بە پێی ئەم یاداشـــتە ئەمەریکا هاوکاریی وەزارەتی پێشمەرگە دەکات، بەڵام نەبوونی وەزیری پێشمەرگە یان وەزیرێک بە وەکالەت نەک چاکسازییەکانی دوا خستووە، بەڵکو رەنگە نوێکردنەوەی یاداشتەکەش دوا بخات. ئەمەش کاریگەریی گەورەی لەســـەر پەیوندییەکانی نێوان ویلایەتە یەکگرتوەکان و هەرێمی کوردســـتان دەبێت. بە هەمان شـــێوە هەڵبژاردنی مانگی شوباتی داهاتوو بۆ ئێســـتا و ئایندەی هەرێمی کوردســـتان یەکجار گرنگ دەبێت. هەمـــوو هەوڵێک بۆ ئەنجامنەدانی دەدرێت بـــۆ ئەوەی هەرێم لەم دۆخەی ئێســـتادا بمێنێتەوە، بۆیە ئەرکی هەموو لایەنە سیاسییەکانە هەوڵی جدی
بدەن بۆ تێپەڕاندنی ئەم قۆناخە و ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی بێگەرد