دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

مه‌حموود محه‌ممه‌د: به‌فه‌رمی هاوپه‌یمانی به‌ڕێوه‌بردنی ده‌وڵه‌تمان له‌ پێشێلكاری رێككه‌وتنه‌كان ئاگادار كردووه‌ته‌وه‌

مه‌حموود محه‌ممه‌د، گوته‌بێژی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، له‌ كۆبوونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانی به‌ڕێوه‌بردنی ده‌وڵه‌ت، پێیان راگه‌یاندوون، كه‌ به‌ گوێره‌ی رێككه‌وتن مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان نه‌كردووه‌. گوتیشی، به‌ نووسراوی فه‌رمی پێشێلكارییه‌كانی هاوپه‌یمانی ئیداره‌ی ده‌وڵه‌تیان له‌باره‌ی رێككه‌وتنه‌كانیان له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان پێڕاگه‌یاندوون.

گوته‌بێژی پارتی دیموكراتی كوردستان هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد بۆ چاسه‌ره‌كردنی ته‌واوی ئاسته‌نگه‌كانی به‌رده‌م ئه‌و بابه‌ته‌، به‌مزووانه‌ لیژنه‌یه‌كی ته‌كنیكی له‌ هه‌رێمی كوردستان سه‌ردانی به‌غدا ده‌كات.

هه‌روه‌ها باسی له‌وه‌ كرد، هاوپه‌یمانی ئیداره‌ی ده‌وڵه‌ت له‌ به‌رامبه‌ر نووسراوه‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاندووه‌، ئه‌و كێشانه‌ چاره‌سه‌ر ده‌كه‌ن كه‌ له‌نێوان هه‌ردوولا ماونه‌ته‌وه‌. گوتیشی، داوای مۆڵه‌تیان كردووه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشانه‌، كه‌ هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌یشدا شاندی ته‌كنیكی هه‌رێمی كوردستان جارێكی دیكه‌ ده‌چێته‌وه‌ به‌غدا بۆ ئه‌وه‌ی كۆتایی به‌و بابه‌ته‌ بهێنێت.

سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكانی عێراقیش كه‌ بڕیاره‌ له‌ 18ـی كانوونی یه‌كه‌می ئه‌م ساڵ ئه‌نجام بدرێت، باسی له‌وه‌ كرد، ناوی كاندیده‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستانیان به‌ كۆمیسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق داوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی په‌سند بكرێت.