دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

نرخی نەوت بەهۆی ئەگەری دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی کوردستان دابەزی

بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 22-08-2023 نرخی نەوتی برێنت دابەزی بۆ خوار 85 دۆلار؛ ئەگەری دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی کوردستان هۆکاری دابەزینی نرخی نەوتە. هاوکات نرخی یەک ئۆنسە زێڕ بەرزبووەوە بۆ 1896 دۆلار.

دابەزینی نرخی نەوت هاوکاتە لەگەڵ سەردانی وەزیری نەوتی عێراق بۆ تورکیا، کە بڕیارە یەکێک لەو مژارانەی کە لەگەڵ بەرپرسانی عێراقی باسی دەکات، پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بێت.

دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەتوانێت لە گوشاری کەمکردنەوەکانی بەرهەمهێنانی نەوت لەلایەن ئۆپێک پڵەسەوە کەمبکاتەوە.

یەک بەرمیل نەوتی برێنتی دەریای باکوور نزیکەی 10 سەنت دابەزی و بە 84 دۆلار و 38 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. هەروەها یەک بەرمیل نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا بە هەمان رێژە دابەزی و بە 80 دۆلار و 65 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.

وەزیری نەوتی عێراق بە سەردانێک گەیشتووەتە ئەنقەرە و لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا پرسی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان تاوتوێ دەکات.

رۆژی 25ی مانگی ئازار، تورکیا هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانی لە بەندەری جەیهان لەدوای بڕیاری دادگەی نێودەوڵەتیی نێوبژیوانی راگرت.

بەر لە وەستاندنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، رۆژانە نزیکەی 450 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستان و عێراق لە بەندەری جەیهانەوە هەناردەی بازاڕەکانی جیهان دەکرا.

دەستپێکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەتوانیت قەبارەی خستنەڕووی نەوت لە بازاڕەکانی جیهان زیادبکات.

برایان مارتین و دانیەل هەینس سەر بە بانکی نیوزلاندی ئۆسترالی ANZ، لە یاداشتێکدا بۆ کڕیارانی نەوت ئاماژە بەوە دەدەن، “نرخی نەوت نەیتوانیوە پارێزگاری لە ئاستە بەرزەکانی خۆی بکات دوای ئەوەی کە ئەگەری زیادبوونی خستنەڕووی نەوت هاتووەتە ئاراوە.”

لەگەڵ ئەوەشدا نیگەرانی لە کەمبوونەوەی خواستی چین بۆ بەکارهێنانی نەوت هۆکارێکی دیکەی دابەزینی نرخی نەوتە.