دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

پیاوە هەرەکورتەکەی جیهان

محمد لادێ – هه‌‌ولێر

کورتترین پیاوی جیهان لە هەولێرە و بەنیازە بۆ یەکەم جار بەشداری لە کورتەفیلمێکدا بکات.]

محەمەدئیسماعیل قادرزادە ناسراو بە ئەفشین، کورتترین پیاوی جیهانە و خەڵکی گوندی خوڕخوڕی بۆکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و ساڵی ٢٠٢١ ناوی لە کتێبی گینس بۆ ژمارە پێوانەییەکان وەک کورتترین پیاوی جیهان تۆمار کرا.
ئەو گەنجە کوردە ٢٢ ساڵانە، باڵای ٦٤ سانتیمەترە و کێشی ٦ کیلۆگرامە، ئەمەش وای کرد لە ساڵی ٢٠٢١ وەک باڵاکورتترین پیاوی جیهان بناسێندرێت و ناوی لە کتێبی ‘گینس’دا تۆمار بکرێت. چونکە ئەفشین نزیکەی ٧ سانتیمەتر کورتترە لە خاوەنی ژمارەی پێوانەیی پێشوو کە تەمەنی ٣٦ ساڵان بووە.
ئەفشین بەنیازە ڕۆڵی سەرکی لە کورتەفیلمی ‘ئایفۆن 14’دا بگێڕێت کە لە نووسین و دەرهێنانی محەمەدعەلی موکری، دەرهێنەری خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و بەشێکی لە بۆکان وێنەگیراوە و بەشێکی دیکەی لە هەولێر. لە چیرۆکی فیلمەکەدا ئەو هەرچەند باڵاکورتە، بەڵام وەک کەسێکی ئاسایی یارمەتیی خێزانەکەی دەدات.

دەرهێنەری کورتەفیلمەکە باسی لە تواناکانی ئەفشین کرد و وتی ئەفشین توانای ڕۆڵگێرانی زۆر باشە و رۆڵەکەی بە باشی گێڕاوە.
ئیسماعیل قادرزادە، باوکی ئەفشین، وتی، ئەوان زۆر دڵخۆشن بە یەکەم هەنگاوی کوڕەکەیان بۆ ناو جیهانی سینەما و ڕۆڵگێڕان و، دڵخۆشن بەوەی کە کوڕەکەیان رووی لە سینەما کردووە و هەموو کاتێک هاوکاری بوونە و لەمەولایش پاڵپشتی دەبن.