دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

ئەمەل سەعید کوردە .. بە شیرینییەکی تاڵەوە باس دڵتەنگیی دایک دەکا

عەبدولقەهار هەولێری

خانمە هونەرمەندی گۆرانیبێژ ئەمەل سەعید کوردە یەکێکە لە دەنگە جوانەکانی نێو هونەری کوردی، ئەو خانمە خاوەن کۆمەڵێک بەرهەمی جوان و ناوازەیە و لە ئێستاشدا سەرقاڵی بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆ و کلیپێکی نوێیە بە ناوی “شیرینییەکی تاڵ”.

ئەمەل کوردەی گۆرانیبێژ لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک ڕایگەیاندووە و دەڵێت: رەنگە بۆ یەکەمین جار بێت بەم ڕەنگ و تۆنە بکەوێتە بەر گوێ و دیدی ئێوەی ئازیز، ستایلێکی نوێی سەردەمیانەیە.
هەروەها دەڵێت، کارەکە هەستی دایک نیشان دەدات کاتێک کچەکەیان بەڕێ دەکەن بۆ ژیانێکی نوێ.
ئەم بەرهەمەی ئەمەل سەعید کوردە لە ئاوازی خۆیەتی و تێکستەکەشی لەلایەن مازیار فایەق بۆ نووسراوە؛ هەروەها کارزان کامیل یش کاری میوزیکی بۆ دەکات.
ئەمەل سەعید کوردە لە ساڵی 1976ی شاری کەرکوک لە تەمەنی حەڤدە ساڵاندا یەکەمین بەرهەمی هونەری خۆی بڵاو کردۆتەوە، خاوەنی چەندین ئەلبووم و گۆرانی جوانە، هەروەها گۆرانی بۆ چەند درامایەکی تەلەڤیزیۆنی گوتووە.