دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر لەسەر کەمیی کارەبای نیشتمانی کۆدەبێتەوە

لەم وەرزەدا خواست لەسەر کارەبای نیشتمانی زیادی کردووە، ئەمەش وای کردووە کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا بەشێوەیەکی بەرچاو کەم ببنەوە، ڕۆژانە ١٠ بۆ ١١ کاتژمێر کارەبا هەیە، ئەمەش نیگەرانی ھاووڵاتییانی لێکەوتۆتەوە و داوای کارەبای زیاتر دەکەن. سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر، دەڵێت: لەسەر کەمی کاتژمێرەکانی کارەبا و جیاوازی کارەبای نێوان شارەکانی هەرێمی کوردستان، بەیانی ئەنجوومەنی پارێزگا، بە ئامادەبوونی بەرپرسانی کارەبا کۆدەبێتەوە. وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند: بەرهەمھێنانی کارەبا ڕۆژانە سێ هەزار و دوو سەد مێگاواتە، لەکاتێکدا خواست لەسەری لەم وەرزەدا پێنج هەزار و پێنج سەد مێگاواتە لە ڕۆژێکدا.

ساڵ بە ساڵ خواست لەسەر کارەبا لەلایەن ھاووڵاتییانەوە زیاتر دەبێت، وەزارەتی کارەبا ناچار بوو پێوەری زیرەک ببەستێت کە بە تۆڕی زیرەک ناو دەبردرێت، ئەو پڕۆژەیە یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ باشترکردنی ڕەوشی کارەبا، لەگەڵ ئەوەی لە هەوڵدان کێشەی کەمی پێدانی کارەبا باشتر بکەن. کە کەمبوونەوەی کارەبای نیشتمانی بۆ چەند ھۆیەک دەگەڕێتەوە. بەرپرسانی کارەبا، دەڵێن: سەرۆکوەزیرانی هەرێم بەردەوام ئاگەدارە بۆ ئەوەی دۆخی کارەبا باشتر ببێت، داواش لە ھاووڵاتییان دەکەین بەپێی پێداویستییەکانی خۆیان کارەبا بەکاربھێنن و ھاوکار بن لەگەڵ ئێمە، بۆ ئەوەی ڕەوشی کارەبا باشتر ببێت.
ھاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان، دەڵێن: لە ٢٤ کاتژمێر کەمتر لە ١١ کاتژمێر کارەبای نیشتمانی هەیە بە پچڕ پچڕی، ئەوەش بە تەواوەتی ئێمەی نیگەران کردووە، بۆ زیادکردنی کاتژمێرەکانی کارەبا ناچارین پشت بە مووەلیدەکانی خۆمان ببەستین، داوا لە حکوومەت دەکەین ڕەوشی کارەبا باشتر بکەن، بۆ ئەوەی لەو بێ کارەبایە ڕزگار بین.
نەبوونی مووەلیدەی ئەھلی لە گوندەکان و گەرمای ھاوین، گرفتی بۆ ھاووڵاتییان دروست کردووە. گوندنشینان داوا دەکەن کاتی پێدانی کارەبای نیشتمانی بە گوندەکان زیاتر بکرێت بە بەراورد بە سەنتەری شارەکان. بەیان قادر، بەرپرسی فەرمانگەی کارەبای مێرگەسۆر، دەڵێت: یەکێک لە کێشە هەرە سەرەکییەکانی ھاووڵاتییانی گوندەکان کێشەی کەمی کاتژمێرەکانی کارەبای نیشتمانییە و کەمتر لە یانزدە کاتژمێر کارەبای نیشتمانییان هەیە. لە سەردانی سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بۆ ناوچەکە یەکێک لەو پڕۆژانەی کە باسی لێوە کرا کێشەی کەمی کارەبا بوو بەتایبەتی لەو گوندانەی مووەلیدە نییە، لە هەوڵداین لەگەڵ کۆمپانیایەک ڕێک بکەوین بۆ ئەو گوندانەی کە ژمارەیان کەمە کارەبا بە وزەی خۆر دابین بکەین، یان مووەلیدە بۆ گوندەکان دابنرێت.
لە شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان هەڵمەتی بڕینی زێدەڕۆییەکانی سەر کارەبا بەردەوامە، تا ئێستە ژمارەیەکی زۆر لە ھاوبەشانی کارەبا بەسەر کراونەتەوە و ئەو شوێنانەی سەرپێچیان کردووە سزا دراون. ھاووڵاتیانیش ئەو هەنگاوەی حکوومەتی هەرێم بە کارێکی باش دەزانن لە بواری چاکسازیی لە کەرتی کارەبا. بەڕێوەبەری دابەشکردنی کارەبای ئیدارەی سۆران، دەڵێ: بە نەھێشتنی زێدەڕۆیی و سەرپێچییەکان بڕێکی زۆر لەو وزەیە دەگەڕێتەوە و دۆخی کارەباش باشتر دەبێت.
ئەردەوان ئیبراھیم، بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای سۆران، گوتیشی: بەھۆی زۆری خواست لەسەر کارەبا بەتایبەت لە وەرزی ھاویندا، ڕۆژانە نزیکەی ١١ کاتژمێر کارەبای نیشتمانی هەیە و دابەشکردنی کارەبا لە سنووری ئیدارەی سۆران بەجۆرێک ڕێکخراوە لە کاتژمێر ١ی شەو تاوەکو ١٢ی نیوەڕۆ لە ناوەندی شارەکان هەیە، لە ١٢ی نیوەڕۆ تاوەکو ١ی شەو دەدرێتە فیدەری گوندەکان، چونکە لە گوندەکان مووەلیدە نییە.
بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای سۆران گوتیشی: ڕۆژانە لە کاتژمێر ١٢ی نیوەڕۆ تاوەکو ١ی شەو مووەلیدەی ئەھلی لەنێو شارەکان کاردەکەن و کارەبا بۆ ھاووڵاتییان دابین دەکەن، بەڵام خشتەی دابەشکردنەکە وادانراوە لە کاتژمێر ٥:٣٠ بۆ ماوەی نزیکەی کاتژمێرێک و نیو مووەلیدەکان دەکوژێنرێنەوە.
بەگوتەی بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای ئیدارەی سۆران، وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان، بۆ یەکەمجار لەسەر ئاستی عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پڕۆژەیەکی بەرهەمھێنانی کارەبا بە جووڵەوزە جێبەجێ دەکات کە توانای بەرهەمھێنانی ١٠٠ مێگاوات کارەبای هەیە، ئەو پڕۆژە لەبەرهەمھێنانی کارەبا و بەبێ سووتەمەنی کار دەکات و دۆستی ژینگەیە، پڕۆژەکە لەلایەن کۆمپانیایەکی ئەڵمانییەوە جێبەجێ دەکرێت و یەکەمجارە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەم پرۆژەیە جێبەجێ دەکرێت.
ئەردەوان ئیبراھیم، بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای ئیدارەی سۆران، ئاشکراشی کرد: پڕۆژەی ھێڵی کارەبای ١٣٢ کەی ڤی سۆران – چۆمان و ٣٣ کەی ڤی چۆمان – حاجی ئۆمەران، گوژمەی سێزدە ملیار دینارە و لەلایەن وەزارەتی کارەباوە جێبەجێ دەکرێت، هەموو کارەکانی تەواو بوونە و تاوەرەکانی دانراوە، ئێستە کێبڵی تاوەرەکان ماوە و کاری تێدا دەکرێت.