بە مەبەستی دابینکردنی ئاسایش و ئارامیی زیاتر لە ناوچەکەدا، سەرلەبەیانی ڕۆژی٢٠ـی ئابی ٢٠٢٣، لیوای ٢٢ـی پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە، بە هاوبەشی لەگەڵ سوپای عێراق، لە ناوچەی قەرەحەسەن – لەیلان، ئۆپەراسیۆنێکیان کرد.
ئۆپەراسیۆنەکە لە دوو قۆڵەوە بوو: قۆڵی یەکەم بە بەشداریی سەرجەم یەکەکانی لیوای ٢٢ـی پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە بوو و گوندەکانی جەوەڵبۆر، چەمی زەنگەنە، قشڵاخی کۆن، خدربەگ و جوگرافیای سنوورەکەیان کێوماڵ کرد.قۆڵی دووەم، هێزەکانی لیوای٣١ـی فرقەی ٨ ـی سوپای عێراق لە بەنداوی شیرینەوە بە ئاراستەی بەرزاییەکانی جەوەڵبۆر، بەرەو ڕێگای سەرەکیی کەرکووک – سلێمانی، کێوماڵی ناوچەکەیان کرد.
ئۆپەراسیۆنەکە، بۆ ماوەی حەوت کاتژمێر بەردەوام بوو، تیایدا تەواوی ناوچەی دیاریکراو کێوماڵ کرا، کە گومان دەکرا تیرۆریستانی داعش وەک ڕاڕەوێک ئەو ناوچەیە بەکار بهێنن.