سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

سەربازێکی دیکەی فەرەنسا لە هەولێر گیانی لەدەستدا

سەربازێکی دیکەی فەرەنسا لە کاتی مەشقکردن بە هێزە عێراقییەکان بە سەختی برینداربوو و دوای گەیاندنی بۆ نەخۆشخانەیەکی هەولێر، گیانی لەدەستدا.

ئەمڕۆ دووشەممە 21ـی ئابی 2023، وەزارەتی هێزە چەکدارەکان (بەرگری)ـی فەرەنسا لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، ئێوارەی دوێنێ یەکشەممە (20ـی ئابی 2023)، سەربازێکیان بە ناوی “نیکۆلا لاتۆرت”، کە سەر بە فەوجی شەشی ئەندازیاران بوو، لەکاتی مەشقکردن بە هێزە عێراقییەکان گیانی لەدەستدا.

شوبە گوێرەی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی هێزە چەکدارەکانی فەرەنسا، سەربازەکە دوای ئەوەی “بە سەختی” برینداربووە، بە هێلیکۆپتەر گواستراوەتە نەخۆشخانەیەکی هەولێر و لەوێ گیانی لەدەستداوە.

لە راگەیەندراوەکەدا شوێنی رووداوەکە ئاشکرا نەکراوە و، ئەوەش خراوەتەڕوو، نیکۆلا لاتۆرت لە 21ـی ئایاری 2023، لە ئۆپەراسیۆنە دەرەکییەکاندا جێگیرکرابوو و لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی عێراق بەشداریی لە راهێنانی پەرپەرچدانەوەی تەقەمەنی چێندراودا دەکرد.

ئەمە لە کاتێکدایە، درەنگانی شەوی هەینی، 18ـی ئابی 2023، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا رایگەیاند: “سەربازێکی فەرەنسی لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە عێراق گیانی لەدەستدا، کاتێک خەریکی بەجێگەیاندنی ئەرکێکی مەشق و راهێنان بووە بە هێزە چەکدراەکانی عێراق”.

هەر لەو رووداوە هاتووچۆوەدا، ئەفسەرێکی دیکەی سەربازیی ئەو وڵاتەش بە سەختی برینداربوو و ئێستا لە نەخۆشخانەی سەربازیی بەغدا چارەسەری پزیشکیی وەردەگرێت.

فەرەنسا یەکێکە لە ئەندامە کاراکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژی داعش؛ بە درێژایی نۆ ساڵی رابردوو لە عێراق و هەرێمی کوردستان، هاوکاری سەربازی پێشکەشی سوپای عێراق و هێزەکانی پێشمەرگە کردووە و مەشق و راهێنانی پێ کردوون.

لە ساڵی 2014 و لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش؛ فەرەنسا 120 سەربازی سوپای وڵاتەکەی ناردە هەولێر و بەغدا بەمەبەستی مەشق و راهێنان بە هێزە ئەمنییەکانی عێراق و پێشمەرگە، کە دواتر ژمارەی سەربازەکانی لە عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ نزیکەی هەزار و 100 سەرباز بەرزبووەوە.

بە گوێرەی دوایین ئامارەکانی وەزارەتی هێزە چەکدارەکانی فەرەنسا، لە سەرەتای شەڕی داعش لە ساڵی 2014 تاوەکو کۆتاییەکانی ساڵی 2022، فڕۆکە جەنگییەکانی فەرەنسا زیاتر لە هەزار و 500 هێرشی ئاسمانی بۆ سەر حەشارگە و بنکە سەربازییەکانی داعش لە عێراق و سووریا ئەنجامداوە و زیاتر لە دوو هەزار و 250 ئامانجی ئەو رێکخراوە تیرۆریستەی تێکشکاندووە.