ئێوارەی رۆژی هەینی بەهۆی کەمبوونەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی ئەمریکا، نرخی نەوت بەرێژەی 1٪ بەرزبووەوە، بەڵام هێشتا لە ئاستی هەفتانەدا نرخی نەوت دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە. هاوکات، هەر ئۆنسەیەک زێڕ بە نزیکەی 1890 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور لە کاتی داخستنی بازاڕەکاندا 68 سەنت بەرزبووەوە و هەر بەرمیلێک بە 84 دۆلار و 80 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
هەروەها نرخی نەوتی تەکساسی ئەمریکاش 86 سەنت بەرزبووەوە؛ هەر بەرمیلێک بە 81 دۆلار و 25 سەنت مامەلەی پێوەکرا.
بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بۆ کەمبوونەوەی ژمارەی سەکۆ نەوتییەکانی ئەمریکا دەگەڕێتەوە لە هەفتەی رابردوودا کە هێمایەکە بۆ کەمبوونەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی ئەمریکا لە داهاتوودا.
ماوەی شەش هەفتەیە ژمارەی سەکۆ نەوتییەکانی ئەمریکا دادەبەزێت و بەو پێیەش، پێشبینی دەکرێت ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ روو لە دابەزین بکات.
لەسەر ئاستی هەفتانەدا، نرخی نەوت بە رێژەی 2٪ دابەزیوە، هۆکارەکەشی بۆ ئەو نیگەرانییانە دەگەڕێتەوە کە پەیوەستن بە ئابووریی چین و بەتایبەتی سستبوونەوەی کەرتی خانووبەرەی ئەو وڵاتە ئاسۆی ئابووریی چینی تەموومژاوی کردووە.
راب هاورس، شرۆڤەکاری بازاڕە داراییەکانی سەر بە گرووپی ( یو ئێس ئەسێت مەنجمێنت) لەو بارەیەوە رایگەیاند، “نرخەکانی نەوت بەزۆری نزیک لە ئاستەکانی ئێستا دەمێننەوە، بەوپێیەی لە لایەک نیگەرانی هەیە سەبارەت بە رەوشی ئابووریی چین کە قەبارەی خواست بۆ نەوت کەمدەکاتەوە و لە لایەکی دیکەشەوە خستنەڕووی نەوت دابەزیوە.”
هەر ئۆنسەیەک زێڕ بە نزیکەی 1890 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت
نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ رۆژی هەینی لە کاتی داخستنی بازاڕەکاندا بە نزیکەیی 1890 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
ماوەی چوار هەفتەیە نرخی زێڕ بەردەوام رووی لە دابەزین دەکات و هەفتەی رابردوو ئاستی هەستیاری 1900 دۆلاری شکاند. نرخی زێڕ تەنانەت رۆژی هەینی بۆ چەند کاژێرێک لە نزیکەی 1888 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
بەرزبوونەوەی سوودی سەر قەواڵە داراییەکانی گەنجینەی ئەمریکا و بەهای دۆلار بە هۆکاری سەرەکیی دابەزینی بەهای زێڕ هەژماردەکرێت.
ئێدوارد مۆیا، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاریی ئواندا لەو بارەیەوە رایگەیاند، “هەرچەندە نرخی زێڕ بۆ خوارووی 1800 دۆلار دابەزیوە، بەڵام دابەزینی نرخی زێڕ خاوبووەتەوە.”
بەهای دۆلار هەفتەی رابردوو بە رێژەی 0.5٪ بەرزبوونەوەی بەخۆوە بینیوە و ئەوەش هۆکاری سەرەکیی دابەزینی نرخی زێڕە.
لەلایەکی دیکەوە، بەیاننامەی بانکی ناوەندیی ئەمریکا لەسەر ئەوەی ئەگەری بەرزکردنەوەی زیاتری سوودی بانکی هێشتا لە ئارادایە، بووەتە هۆکار بۆ بەردەوامی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار.