سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

فیرقەکانی یه‌ك و دووی پیاده‌ چەک و پێداویستی نوێی سەربازی وەرده‌گرن

لە بەردەوامی ئەو هاوکارییە لۆجستیانەی کە هاوپەیمانان پێشکەش بە هێزی پێشمەرگەی کوردستانی دەکەن، فیرقەکانی یه‌ك و دووی پیادە، چەک و پێداویستی نوێی سەربازییان وەرگرت.

ئه‌مڕۆ (پێنجشه‌ممه‌ 17ـی ئابی 2023) لە رێوڕەسمێکی تایبەتدا لە بەڕێوبەرایەتی میرەی گشتی سەربازی، بەشێک لەو هاوکارییانەی هاوپەیمانان رادەستی فیرقەکانی یه‌ك و دووی پیادەی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە کران.

لەو رێوڕەسمەدا، هاوکارییەکانی هاوپەیمانانی بۆ هێزی پێشمەرگە بەرزنرخێندرا و ئاماژەی بەوە درا کە هاوپەیمانان لە سەرەتای دروستبوونی رێكخراوی داعشدا، هاوکاری هێزی پێشمەرگەی کوردستانیان کردووە، به‌شێوه‌یه‌ك کە ئەو هاوکارییانە رۆڵێکی گرنگیان هەبووە لە تێکشکاندنی داعش و گرووپە تیرۆرستیەکان، هه‌روه‌ها به‌ پێویست زانرا، ئاستی هاوکاری و هەماهەنگییەکانی هاوپەیمانان بۆ هێزی پێشمەرگە زیاتر بکرێت و بچێتە قۆناغێکی باشتر.

رۆژی (21ـی ئەیلوولی 2022) وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا و وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنیان واژۆکرد.

بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سێلیست واڵاندەر، یاریدەدەری وەزیری بەرگری ئەمەریکا و شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە یاداشتنامەکە واژۆکرا.

سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان له‌باره‌ی یاداشتنامه‌كه‌ پێشتر ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردبوو، سیلێست واڵەندەر، یاریدەدەری وەزیری بەرگریی ئەمەریکا و شۆڕش ئیسماعیل عەبدوڵڵا، وەزیری کاروباری پێشمەرگە لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان واژۆی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نوێکراوەی نێوان وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا و وەزارەتی کاروباری پێشمەرگەیان کرد، بۆ بەردەوامیدان بە پشتیوانیکردنی پێشمەرگە لە ئۆپەراسیۆنەکانی تێکشکاندنی داعشدا.

ساڵی 2016 بۆ یەکەمجار یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لەنێوان ئەو دوو وەزارەتە واژۆکرا و سەبارەت بەوە، سەرۆکایەتی هەرێم ئەوەی خستبووه‌ڕوو، ئەم یاداشتنامەیە رەنگدانەوەی هەماهەنگیی دوورمەودای نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکان و خەڵکی هەرێمی کوردستانی عێراق و هەروەها پابەندیی هاوبەشیشیانە بۆ تێکشکاندنی یەکجارەکی داعش.