ئازاد جندیانی
لەیادی ٧٧ ساڵەی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان (١٦ی ئابی ١٩٤٦) پیرۆزبایی گەرم لە ھەموو تێکۆشەرانی پارتیمان و خەڵكی كوردستان ئەکەم . لەم بۆنەیەدا سڵاو بۆ ڕۆحی تا ئەبەد کوردانە و شۆڕشگێڕانەی بارزانیی نەمر ئەنێرم، وەک چۆن ھاوکات پیرۆزبایی لە گیانی پڕلە کوردایەتی باوکی نەمریشم (وەھاباغا) ئەکەم، کە لەپاڵ کۆمەڵێک شانازیی نەتەوەییدا، شانازیی مەزنی ئەوەشی بۆ ماڵبات و کەس و کار و خزم و ھاوشارەکانی و بۆ سەرجەم تێکۆشەرانی کوردستان بەجێ ھێشتووە، کە بەڕێبەرایەتی بارزانیی نەمر لە شۆڕشی بارزاندا، لە بەرگری پێشمەرگانە لە کۆماری کوردستان لە خۆرھەڵاتی كوردستاندا بەشداربووە و ماوەیەکی زۆریشی لە ژووری چاوەڕوانی لەسێدارەداندا بەسەر بردووە. ھەروەھا دواتر، تا دواھەناسەشی لە شۆڕشی ئەیلولی مەزندا پێشمەرگە بووە. شانازیەکی تری بەرز و پیرۆزی تریشمان لە ئەمڕۆدا ییادکردنەوەی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستانە، کە باوکی نەمرو پڕ لە شانازی و سەروەریمان بەڕێبەرایەتیی بارزانیی نەمر یەکێک بووە لەو (نۆ) تێکۆشەرە نموونەییانەی کوردایەتی کە بڕیاری دامەزراندنی پارتیان
دا، وەک پێویستیەکی مێژووکرد بۆ کوردایەتی. لەم یادەدا، پیرۆزبایی لە سەرۆکی ھێژامان سەرۆک بارزانی و ھەموو ڕێبوارانی کوردایەتی ئەکەم و دڵنیاشم کە ھەوڵەکانی داگیرکەرو دوژمن و نەیاران لە بەرامبەر ڕەوتی سەربەخۆخوازانەی سەرۆک بارزانی شکست دێنن و پارتیش وەک ئامرازێکی ستراتیجی بۆ سەرکەوتن ؛ نەک ھەر لە بەھێزیدا ئەمێنێتەوە ؛ بەڵکو بەردەوام لەبەھێزبووندا ئەبێ. ھەروەھا پیرۆزبایی گەرم لە سەرۆك بارزانی ئەكەم كە یادی لەدایكبوونی بەڕێزیان ھاوكاتە لەگەڵ یادی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان. ئەرکی ھەمووشمانە، کە بەشێوەیەکی کاراو و بوێرانە و مکوڕانە بە ئاراستەی سەرکەوتندا خەباتە فرە ڕەھەندەکەمان بە داھێنانی نوێچەشنەوە پەرەپێبدەین. ئەشمەوێ ئەم پەیامەم بە دروشمە دێرینەکەی کوردایەتی (کوردستان یان نەمان) کۆتایی پێ بێنم ؛ چونکە بڕوای زۆرم بەوە ھەیە، کە تا پیلانگێڕی و دوژمنایەتیکردنی کوردایەتی مابێ و تا دوژمن و نەیارانی دوورونزیک بەبەردەوامی بۆ لەناوبردنی بوون و سەروەری نەتەوەییمان لە ھیچ سیاسەتێکی قێزەوون و نامرۆڤانە و دوژمنکارانە سڵ نەکەنەوە، ئەوا ئەبێ ئێمەش بێ دوودڵی ئەودروشمەمان لە بڵندیدا بهێڵینەوە، کە لە جەرگەی خەباتی بەرگری و خەباتی ڕزگاریخوازیماندا لەدایک بووە و نزیک بە شەست ساڵە بووەتە دروشمێکی بەرزی خۆڕاگری و کوردایەتی، وەک چۆن ئەبێ ئەودروشمە لە ناو دڵ و دەروون و لە ڕەفتاری دلێرانەی نەتەوەییماندا وەک بڕوا و ئاکارێکی پارتیانەش بمێنێتەوە و ببێتە توێشوو و پشکۆی تێکۆشان. لەڕاستیدا ھەر ئەو دروشمەیە کە بۆتە ھەوێن و ھۆکاری وەدەستهێنانی ئەو شانازییانەی ئێستا ھەمانە. دووبارە پیرۆزەو بەرز و بڵند بێ ئاڵای کوردستان و
ئاڵای پارتیمان.