دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

نرخی نەوتی برێنت دابەزی

نرخی نەوت ئەمڕۆ بەردەوام بوو لە دابەزینەکانی سێ رۆژی رابردوو.

نیگەرانی لە سستبوونەوەی ئابووریی چین و بەرزکردنەوەی زیاتری رێژەی سوودی بانکی لە ئەمریکا، بازرگانانی نەوتی نیگەران کردووە لە کەمبوونەوەی خواست بۆ ئەو بەرهەمە ستراتیژییە.

ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 17-8-2023) لەدوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، نرخی نەوتی برێنت نزیکەی 8 سەنت دابەزی و هەر بەرمیلێکی بە 83 دۆلار و 53 سەنت مامەڵەی پێوەکرا، هەروەها هەر بەرمیلێک نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا بە هەمان بڕ دابەزی و نرخەکەی گەیشتە 79 دۆلار و 38 سەنت.

تینا تێنگ، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری CMC Market لەو بارەیەوە رایگەیاند، “نیگەرانی لە رەوشی ئابووریی چین و رەوشی بازاڕەکانی بۆرسەی ئەمریکا، هاوکاتە لەگەڵ بەرزبوونەوەی بەرچاوی بەهای دۆلار؛ ئەوەش گوشاری بۆ سەر نرخەکانی نەوت دروستکردووە.”

ئەو شرۆڤەکارە دەڵێت، ئێستا چاوی بازرگانان لەسەر هەر داتایەکی ئابوورییە کە لە چینەوە بڵاودەبێتەوە و، بەدوای ئەوەدا دەگەڕێن، کە بزانن حکومەتی چین چ بڕیارێک بۆ هاندانی ئابوورییەکەی دەدات.

لەلایەکی دیکەوە، داتاکانی پەیوەست بە قەبارەی نەوتی کۆگاکراو لە ئەمریکا کاریگەریی بەرچاو لەسەر نرخی نەوت دادەنێن.