بەهۆی جێبەجێكردنی پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە شاروشارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان، کڕین و فرۆشتنی زەوی و خانووبەرە جووڵەی تێ کەوتووە. بەگوتەی شارەزایانی بواری ئابووری، لەبەر باشتربوونی دۆخی دارایی هەرێم و جێبەجێکردنی پرۆژەی خزمەتگوزاری، ڕۆژبەرۆژ نرخی زەوی و خانووبەرەبەرزتر دەبێتەوە.
ئابووری و سیاسەت، پەیوەندییەکی چڕوپڕیان بەیەکەوە هەیە، هەر کاتێک بارودۆخی سیاسی باش بێت، بازاڕیش ڕوو لە باش بوون دەکات، لە هەندێک شوێنی خۆش، بەتایبەتی ئەو شوێنانەی کە پرۆژەی خزمەتگوزارییان پێ گەیشتووە و خەڵک ڕووی تێ دەکەن و پارچە زەوی هەیە نزیکەی 5 هەزار دۆلاری چووەتە سەر، نرخی خانووش بە هەمان شێوە بەرز بۆتەوە.
بە گوتەی شارەزایانی بواری ئابووری کە بۆ “هەولێر” قسەیان کردووە، کار و پڕۆژەی خزمەتگوزاری ڕاستەوخۆ پەیوەستن بە ژیانی خەڵکەوە و دەبنە هۆکارێک هاووڵاتییان متمانە و خواستی زیاتریان لەسەر کڕینی زەوی و خانووبەرە بۆ دروست بێت، بەتایبەتیش دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان، هەر ناوچەیەک پرۆژەی خزمەتگوزاری بۆ بچێت، خەڵک ڕاستەوخۆ ڕوو لەم شوێنانە دەکەن و پەنا دەبەنە بەر دروستکردنی خانوو، بەوەش نرخی زەوی و خانوو بەرز دەبێتەوە.
واحید مەحموود، لەیەکێک لە نووسینگەکانی کڕین و فرۆشتنی زەوی و خانووبەرە لە ئیدارەی سۆران خەریکی کڕینی پارچە زەوییەکی 200 مەتری بوو، بۆ هەولێر دیار کرد: “دوای ئەوەی سۆران بووە ئیدارەی سەربەخۆ و گەیاندنی پرۆژەی خزمەتگوزاری بۆ زۆربەی ناوچەکانی سۆران، ڕۆژبەڕۆژنرخی زەوی و خانووبەرە بەرز دەبێتەوە، ئێستا بە ناچارییەوە هەندێک پارەم قەرز کردووە و بڕیارم داوە پارچە زەوییەکی 200 مەتری بکڕم، ئەگەرنا دڵنیام پاش هەفتەیەکی دیکە گرانتر دەبێت”.
هەژار مەهدی، خاوەنییەکێک لە نووسینگەکانی کڕین و فرۆشتنی زەوی و خانووبەرەیە، بۆ هەولێر دەڵێت: “ماوەیەک دەبێت نرخی زەوی و خانووبەرە بە ڕێژەیەکی بەرچاو بەرز بۆتەوە، ئەوەش لەبەر ئەوەیە حکوومەت دەستی ئاوەدانی گەیاندۆتە هەموو ناوچەیەک، هەندێک ناوچە هەبووە، پێشتر خەڵک دیناری پێ نەدەدا، بەڵام ئێستا دوای دروستکردنی ڕێگەوبانەکان و گەیاندنی پرۆژەی خزمەتگوزاری، نرخی زەوییەکی 200 مەتری 40% بەرز بۆتەوە.
مەهدی، دەشڵێ: “ئەگەر بارودۆخی سیاسیی ناوخۆی هەرێمی کوردستان باشتر بێت و کێشە و گرفتەکان چارەسەر بکرێن و، هەولێر و بەغدا بگەنە ڕێککەوتن و حکوومەتی نوێ پێک بێت، کڕین و فرشتنی خانووبەرە بەرزبوونەوەیەکی تر بەخۆیەوە دەبینێت”.
جەختی لەوەش کردەوە:” ئەگەر پێش مانگێک لە هەفتەیەکدا دوو پارچە زەوی و خانوویەکمان فرۆشتبێت، ئێستا ڕۆژانە زیاتر لە 8 پارچە زەوی و خانوو دەفرۆشین، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت کە بارودۆخی کوردستان ڕۆژبەرۆژ خۆشتر دەبێت.
ئازاد عادل، خاوەنی نووسینگەی مەتین، بۆ کڕین و فرۆشتنی زەوی و خانووبەرە، بۆ هەولێر گوتی: “حکوومەتی هەرێم بڕیاری داوە زەوییە کارتەکان و زێدەڕۆییەکان تاپۆ بکات، واتە ئەگەر پێشتر نرخی زەوییەکی 200 مەتری لە هەولێر بە 15 هەزار دۆلار بێت، ئێستا نرخەکەی بۆتە 17 هەزار دۆلار، ڕۆژبەرۆژیش نرخی زەوی و خانووبەرە بەرز دەبێتەوە.
ئاشکراشی کرد: “ئێستا داواکاری زۆرە و ئەو هاووڵاتیانەی پارەیان هەیە ئەو زەوی و خانووبەرانەی کە نرخەکەیان گونجاوە دەکڕن، بۆ ئەوەی بەیانی بە قازانج بفرۆشنەوە، چونکە دەزانن ڕۆژبەرۆژ نرخی زەوی و خانووبەرە بەرز دەبێتەوە.
خاوەنی نووسینگەی مەتین بۆ کڕین و فرۆشتنی زەوی و خانووبەرە، ئاشکراشی کرد، تێکچوونی پەیوەندیی نێوان لایەنە سیاسییەکان کاریگەریی لەسەر دابەزین و وەستانی بازاڕی کڕین و فرۆشتنی زەوی و خانووبەرە هەیە، ئێستا ڕەوشی هەرێمی کوردستان باشە، حکوومەت ڕۆژانە بە دەیان پرۆژەی جۆراوجۆر لە شاروشارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکات، ئەوەش هۆکارە بۆ بەرزبوونەوەی نرخی زەوی و خانووبەرە، پێشبینی دەکرێت لە داهاتوودا نرخی زەوی و خانووبەرە زیاتر بەرز ببێتەوە”.
بە گوتەی بەرپرسانی حکوومی لە شاروشارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان کە بۆ هەولێر قسەیان کردووە، ئەمساڵ حکوومەتی هەرێم دەستی ئاوەدانی گەیاندووەتە هەموو ناوچەکانی کوردستان، هەتا لە گوندە دوورەدەستەکان کە وەرزین پرۆژەی خزمەتگوزاری جێبەجێ کراوە، پرۆژەکانی ساڵانی ڕابردوو کە ڕاگیرابوون ئەوانیش تەواو کراون، هەروەها کارکردن لە دەیان پرۆژەی خزمەتگوزاری بەردەوامە، ئەوەش وا دەکات خەڵک ئومێد و متمانەی زیاتری بۆ دروست بێت و نرخی زەوی و خانووبەرە دووبارە بەرز ببێتەوە”.