ناسرى حیسامی
(بهای بوسهی ناکرده جان باشد به چشم اما
دەمت وا بێنە – چاوم – قەد بووە گەوهەر لە دەریادا؟!)
ئەوشیعرەی وەفایی لە ماڵپەڕی هێژای “ڤەژین” یشدا هەر بەم شێوەیە چاپ کراوە و وێدەچێ زۆربەی نوسخەکان، نوسخەکەی چاپی کۆڕی زانیارییان بەسەرچاوە دانابێ و لەویان وەرگرتبێ.
نیوەی یەکەمی شیعرەکە فارسییە. ماناکەی ئەوەیە: لە بری ماچێک کە هێشتا نەمکردووە داوای گیانم دەکەی، بەسەر چاو دەتدەمێ و گیانم فیدات بێ، بەڵام……
دوای “بەڵام” نیوەکەی دیکە کوردییە و دەڵێ: دەمت وا بێنە- چاوم- قەت بووە گەوهەر لە دەریادا؟
واتە دەمت واوە بێنە (با ماچت بکەم) قەت بووە گەوهەر لە دەریادا هەبێ؟
بەڵێ! ئەیچۆن، گەوهەر لە دەریادا هەیە، چۆن نییە؟
دیار نییە پەیوەندی ئەو ماچکردنە و گەوهەر چییە و ئەوەش چ پەیوەندێکی لەگەڵ ماچی نەکراو هەیە. هۆی ئەم ناڕوونی و بێمانابوونەی شیعرەکە ئەوەیە کە شیعرەکە بەهەڵە نووسراوەتەوە. شیعرەکە ئاوایە:
(بهای بوسەی ناکردە جان باشد، بە چشم! اما
دەمت وا بێنە، سەودای قەت بووە گەوهەر لە دەریادا؟)
واتە: لە قیمەتی ماچێکدا کە هێشتا نەمکردووە، داوای گیانم دەکەی، بەسەر چاو گیانی خۆمت دەدەمێ، بەڵام دەمت واوە بێنە با ماچت بکەم جا گیانی خۆمت پێشکەش بکەم، دەنا قەت بووە گەوهەرێک کە هێشتا لەدەریا دایە و هێشتا دەرنەهێنراوە، سەودای بکەی؟ هێشتا تۆم ماچ نەکردووە. ماچەکە، گەوهەرێکە هێشتا لەدەریادایە، چۆن سەودای دەکەی و پێم دەفرۆشی و لەبری ئەوە داوای گیانم دەکەی، دە ماچەکەم بدەیە جا داوای گیانم بکە!
بۆ دڵنیایی زیاتر لە بابەت ئەوە کە وەفایی دەزانێ گەوهەر لە دەریادا هەیە، دەکرێ لە شیعرەکانی دیکەی بڕوانین:
ئەی وەفایی هێندە خوێن مەگری لە دووی ئارامی دڵ
گەوهەری تۆ وا لە کن تۆ، خۆت لە ڕووی دەریا مەدە
.
واتە: ئەی وەفایی تۆ کە بە دووی یارتدا دەگری، گەوهەر لە چاوت هەڵدەوەرن. تۆ گەوهەری خۆت لە لای خۆتە و سەفەری دەریا مەکە (سەفەری دەریا چاوە تەڕەکانی خۆیەتی).
هەروەها ئەم نموونەیەش:
جەرگم هەموو لەت لەت بوو بە سێڵاوی سرشکم
چ بکەم کە بە دەریا چووە لەعل و گوهەری من.
هێندە گریام جەرگم هەموو لەتلەت بوو و بەدەم ئەو لافاوەوە وەک لەعل و گوهەر (پارچەکانی جەرگم) گەیشتنە دەریا.
نموونەیەکی دیکە:
بولبول لە زبان کەوت و بووە خوێن پەڕی گوڵ، گوڵ
جارێکی نەپرسی کە چ فەریاد و فوغانە
واتە: بولبول لە زبان کەوت و گوڵ هەموو گیانی بووە خوێن، بەڵام گوڵ جارێکی نەپرسی ئەم هاوار و هەرایە چییە. شیعرەکە بێمانایە.
محەممەد عەلی قەرەداغیش لە نوسخەکەی چاپی کۆڕی زانیاریدا ئاوای تۆمار کردووە:
بولبول لە زبان کەوت و بووە خوێن گوڵبەری گوڵ
جارێکی نەپرسی کە چ فەریاد و فوغانە.
ئەوەش بەهەمان ڕادە بێمانایە. یانی چی بولبول لە زبان کەوت و بووە خوێن گوڵبەری گوڵ؟ کێ جارێکی نەپرسی کە چ فەریاد و فوغانە؟
لە لاپەڕەکانی سەرەتای کتێبەکەدا وێنەی دەسخەتی ئەو غەزەلە چاپ کراوە و لەوێدا هەر بە کەمێک خۆماندووکردن غەزەلەکە دەخوێندرێتەوە و ئەو دێرە ئاوا نووسراوە:
بلبل لزبان کوت و بوە خون جگر و گل
جاریکە نپرسی کە چه فریاد و فغانە
بولبول لە زبان کەوت و بووە خوێنجگەر و، گوڵ
جارێکی نەپرسی کە چ فەریاد و فوغانە
ماناکەی ڕوونە: بولبول (لە تاوی گوڵ ئەوەندەی خوێند) لە زبان کەوت و جگەری بوو بە خوێن، (بەڵام) گوڵ جارێک لێی نەپرسی ئەم هاوار و فەغانەت بۆچییە. “خوێنجگەر” یان “خوێنینجگەر” لە دەربڕینە ناسراوەکانی شیعری کلاسیکە، بە مانای کەسێک کە جەرگی بریندار بووە یان خوێنی تێزاوە. وەفایی لە شیعری دیکەشدا ئەو دەربڕینەی بەکار هێناوە:
خوێنین جگەرن تالیبی ئەو زارە دوو عالەم
ئەو جەوهەرە بۆ هیچێ بە دوو عالەمی نادا
هەروەها زاری:
خۆش بەختییە بۆ”زاری” کە دایم بە دڵ و گیان
غەمبار و حەزین، خەستە و خوێنین جگەرت بم
هەروەها ئەحمەدی کۆر:
من لە دەستی هیجری جانان لیتنی کنت تراب
یار هەزاری وەک منی کرد خوێن جگەر دڵ چون کەباب