دەریاچەی وان، كە یەكێكە لە دەریاچە هەرە گەورەكانی توركیا و باكووری كوردستان، مەترسیی لەناوچوونی لەسەرە، ئەویش بەهۆی ئەو وشكەساڵییەی رووی لەو ناوچەیە كردووە و هەروەها ئەو گەرما بەتینەی بەشێكی دەریاچەكەی وشك كردووە.
بەهۆی ئەوەی، لەمساڵدا كاریگەریی گۆڕانی کەشوهەوا سەری هەڵدا، هەروەها بەهۆی كەمی باران و ئەو گەرمایە بەتینە، دەریاچەی وان، كە بە گەورەترین دەریاچە لە توركیا دادەنرێت، مەترسی لەناوچوونی لەسەرە. هەموو ئەو زەوییە كشتوكاڵیانەی بەهۆی ئەو دەریاچەوە ئاو دەدرێن، هیچ بەرهەمێكیان نەبووە.
شارەزایانی بواری ئاو ئاماژە دەدەن، لەمساڵدا بەرێژەی 20% باران باری و دەریاچەكە تا ئاستێك ئاوی تێچوو، بەڵام دوای ئەوە باران رووی لەو ناوچەیە نەكردەوە، بۆیە ئاوەكە هەڵم دەكات، كاتێك هەڵم دەكات، ئاوی دەریاچەكە وشك دەبێت، ئەگەر ئەو وشكەساڵی و بێبارانییە بەردەوام بێت، ئیدی دەریاچەی وان لەناو دەچێت.
پرۆفیسۆر فاروق عەلائەدینئۆغڵو، شارەزای بواری حوگرافیا، پێیوایە كەمبوونی ئاوی دەریاچەی وان، تەنیا پەیوەندی بەوەوە نییە كە باران كەم باریوە، نەخێر زیاتر پەیوەندی بەوەوە هەیە، كە بەهۆی ئەو گەرما زۆرەی هەیە، ئاوەكەی هەڵمی كردووە و بەرەو كەمبوونەوە چووە.
فاروق، قسەی بۆ ئاژانسی (DW)_ی توركی كردووە و دەڵێت: ”گۆڕانی ژینگە رووی لە هەموو دونیا كردووە، ساڵانێكە وڵاتان باس لەو مەترسییە دەكەن، بەڵام لەمساڵدا كاریگەرییەكانی دەركەوت، دەریاچەی وانیش كەوتووەتە ژێر كاریگەریی گۆڕانی ژینگە.“
ئەو شارەزایە پێیوایە، كەمبوونی ئاوی دەریاچەی وان بەردەوام دەبێت، چونكە ئەگەر بۆ ماوەیەكی كاتیش ئاوی تێبچێت بەهۆی بارانەوە، دیسان كەمبوونەوەی ئاو رووی تێدەكات، چونكە ئاوی باران كەمە و وەكوو پێویست دەریاچەكە تێر ناكات، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی بەشێكی گەورەی ئەو دەریاچەیە وشك ببێت.
بەهۆی ئەوەی لە توركیا و باكووری كوردستان، چەندین دەریاچە ئاوی كەمی كردووە، ئەمە بووەتە هۆی ئەوەی چەندین ناوچەی كشتوكاڵی بەتەواوی وشك بكەن.
بەگوێرەی زانیارییەكان تاوەكوو ئێستا 101 ناوچەی كشتوكاڵی بەتەواوی وشك بوون، چونكە پشتیان بەئاوی دەریاچەی وان بەستووە بۆ ئاودانی باغەكانیان، بەڵام بەهۆی كەمبوونەوەی ئاوی دەریاچەی وان، ئەو ناوچانە وشك بوون.
چای بەندی ماهی، كە پشتی بەئاوی دەریاچەی وان بوستبوو، بە تەواوی وشك بووە، ئەمەش بۆ یەكەمجارە لەمێژووی باكووری كورستان، كە چای بەندی ماهی وشك ببێت.
هەروەها مستەفا ئاككووش، مامۆستای لە زانكۆی (100 ساڵ) لە وان، ماوەیەكی زۆرە لێكۆڵینەوەی لە دەریاچەی وان كردووە، ئەو قسەی بۆ ئاژانسی ناوبراو كردووە و دەڵێت، ماوەی 60 بۆ 70 ساڵ دەبێت، باران وەكو پێویست نەباریوە، لەمێژوودا ئەمە یەكەم جارە كە دەریاچەی وان دووچاری ئەو وشكەساڵییە ببێتەوە و هەروەها ئاوی لێ كەم بكات.
ئەو دەڵێت: ”زستانان باران كەم دەبارێت، هەروەها لە هاوینیشدا ئاوی دەریاچەكە هەڵم دەكات، بۆیە چوار بەرامبەر ئاوی دەریاچەی وان كەم دەكات.“
بەگوێرەی زانیارییەكان، دەریاچەی وان 15 كیلۆمەتر پانتاییی لێ وشك بووە، دەریاچەكەی 3700 كیلۆمەترە و قوڵاییەكەشی 400 مەترە، بەڵام بە گوێرەی گوتەی شارەزایان، ئەگەر كەمداگەڕانی ئاوی ئەو دەریاچەیە بەردەوام بێت، دەریاچەكە دوای چەند ساڵێكی تر بە تەواوی وشك دەكات، ئەمەش كاریگەریی لەسەر كەرتی كشتوكاڵ دەبێت.
ئاككووش دەڵێت: ”ئیدی ئەوە تێپەڕی بڵێین دەریاچەی وان ریسكی لەسەرە، نەخێر پڕۆسەكە بووەتە قەیران، هەموو ساڵێكیش ئەو قەیرانە گەورەتر دەبێت، بۆیە دەبێت بڕیار بدەین و لە رەگەوە گۆڕانكاری بكرێت. ئەگەر وا نەكەین، هەزاران كەس بێكار دەبن، هەزارانیش بۆ ئیستانبۆل و كوجایلی كۆچ دەكەن، كە ئەو شارانەش لە رادەبەدەر خەڵكی تێدا دەژیێت و بەرگەی ئەو شاڵاوە كۆچە ناكرێت. ئەگەر بەپەلەیی رێگە لەو قەیرانە بگرین، رەنگە كێشەكە ئەوەندە قورس لەسەرمان نەكەوێت.“