دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

بەیان بۆمبا: شێرپەنجە لە نواندن رامناگرێت

عەبدولغەفار عەبدوڵڵا – هەولێر

خانمە هونەرمەندی ناسراوی كورد، بەیان بۆمبا دوای تووشبوون بە نەخۆشیی شێرپەنجە، لە چەند رۆژی رابردوودا نەشتەرگەریی بۆ کرا و ئێستا تەندروستیی جێگیرە و دەڵێت، هەر بەردەوام دەبێت لە كاری هونەریدا.

ماوەیەكە خانمە هونەرمەندی كورد، بەیان بۆمبا تووشی شێرپەنجە بووە و لە چەند رۆژی رابردووشدا نەشتەرگەریی بۆ کراوە و بە وتەی كەسوكاری بۆ (هەولێر)، ئێستا ئەو خانمە هونەرمەندە تەندروستیی جێگیرە و بەیان بۆمبا رایگەیاندووە “لە نواندن بەردەوام دەبێت و نەخۆشییەكەی رێ لە كارە هونەرییەكانی ناگرێ”.
بەیان مەحموود عەلی، ناسراو بە بەیان بۆمبا، ساڵی 1963 لە گەڕەكی كانێسكانی سلێمانیدا لەدایك بووە، بەشی شانۆی پەیمانگای هونەرە جوانەكانی سلێمانی خوێندووە و پاشان نواندنی لە بەشی سینەمای زانكۆی سلێمانی تەواو كردووە.
سەرەتای كارە هونەرییەكانی بۆمبا دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1974، بە دیاریكراوی ئەو كاتەی كە لە پۆلی سێیەمی سەرەتاییدا لە چالاكیی هونەریی قوتابخانەكاندا بەشداریی كردووە، پاشان دوای تەواوكردنی پەیمانگا، لە دەیان شانۆگەری و زنجیرەی تەلەفزیۆنی و فیلمدا بەشداری دەكات.

بۆمبا بەشداریی لەو شانۆگەرییانەدا کردووە: (گەڕان بە دوای دەستگیرانداری، مێوژی بەرخۆر، هێشتا قسەكانمان تەواو نەكردووە، میراتی، موختار و ژنانی گەڕەك، بەنی عێز، قەرەج و چەندین شانۆگەری تر)، هەروەها لە زنجیرە دراماكانی (گەردەلوول، رۆژژمێری شارێك، سایە، سەراب، پڕۆفیشاڵ، پەتریپۆت، سەمەرە و كۆشكی هەنار)یشدا نواندنی كردووە، جگە لەوەش لە كورتەفیلمی (دنیا و دەلاك) و فیلمی درێژی (كێوی دڵ، دڵی سوور)یشدا بەشداریی كردووە