لە (77)مین ساڵڤەگەڕی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان و ساڵڕۆژی لەدایکبوونی سەرکردە و ڕێبەری نیشتمانیمان جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی جەنابی سەرۆک و گشت ئەندام و لایەنگران و دۆستانی پارتی دیموکراتی کوردستان و بنەماڵە و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان و ئەنفالکراوان و پێشمەرگە ئازا و قارەمانەکانی کوردستان و سەرجەم کوردستانییانی نیشتمانپەروەر دەکەم.
شازدەی ئاب، تەنیا دامەزراندنی پارتێکی دێرین و پێشەنگی کوردستان نییە بە ڕابەرایەتیی باوکی ڕوحیی نەتەوەییمان مستەفا بارزانیی نەمر، بەڵکوو لە هەمانکاتدا یادکردنەوەی قوتابخانەیەکی مەزن و پڕشکۆی کوردایەتی و نیشتمانپەروەری و خۆنەچەماندن و بەرگریکردنە لە مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان بە گشت پێکهاتە جیاوازەکانییەوە كە تا ئێستاش بەردەوامە لە خەبات و قوربانیدان و تێکۆشان و هەمیشە لە سەنگەری هەرە پێشەوەی بەرگریكردنە لە قەوارە و خاك و مافەکانی گەلی كوردستان.
پارتی، حزبی دایک و شۆڕشە مەزنەکان و دەستکەوتە گەورەکانە، خاوەنی دیرۆکێکی پڕ لە شانازی و سەروەری و سەرۆکێکی پێشمەرگەیە، کە ژیان و تەمەنی خۆی بۆ بەرگریکردن لە کەرامەت و سەرفرازیی گەل و نیشتمان و شکۆی کوردستان تەرخان کردووە.
پارتی هەرگیز حزبی ناوچەیەک و دەڤەرێکی دیاریكراوی کوردستان نەبووە بە تەنیا، بەڵکوو لە ساتی دامەزراندنییەوە، هەموو سنوورێکی ناوچەیی تێپەڕاندووە و بووەتە بزووتنەوەیەکی جەماوەریی کوردستانی و داکۆکیکاری بەهێزی دەستکەوتە نیشتمانییەکان و بەهاکانی ئازادی و دیموکراسیی و پارێزەری بەیەكەوەژیانی کوردستانە.
پارتی، حزبی لەئەستۆگرتنی بەرپرسیارێتییە گەورەكان و بەهێز ڕاگرتنی ئیرادەی كوردستانییانە و تا ئەمڕۆ بەردەوامە لە پێشەنگایەتی و پێشڕەوایەتیکردنی خەڵکی کوردستان لەپێناو پاراستنی قەوارەی نیشتمانی و دەستووریی هەرێمی کوردستان و پێشخستن و گەشەپێدانی کاروانی ئاوەدانی و بووژاندنەوەی کوردستان.
لەم یادە شکۆدارەدا، بە ڕێز و پێزانین و وەفادارییەوە، یادی دامەزرێنەری پارتی و ڕێبەری مێژوویی و باوکی ڕوحیی نەتەوەییمان مستەفا بارزانی و سەرکردەی شەهید ئیدریس بارزانی و گشت شەهیدانی ڕێگەی ئازادیی کوردستان دەکەینەوە.
شازدەی ئاب لە هەموو کوردستانییان پیرۆز بێت.
مەسرور بارزانی
جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان
2023/8/16