هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

نرخی نەوت بەرزبووەوە و زێڕ دابەزی

ئەمڕۆ سێشەممە، نرخی نەوت بەهۆی گۆڕانکاری لە سیاسەتی نەختی لەلایەن بانکی ناوەندیی چینەوە، بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی. هەروەها نرخی ئۆنسەیەک زێڕ بۆ 1906 دۆلار دابەزی. 

بانکی ناوەندیی چین بۆ دووەمین جار لە ماوەی سێ مانگی رابردوودا سوودی بانکیی دابەزاند بۆ پاڵپشتیکردن لە ئابووری ئەو وڵاتە، ئەوەش کاریگەری ئەرێنی لەسەر بازاری نەوت داناوە، بەوپێیەی خواستی ئەو وڵاتە بۆ بەکارهێنانی نەوتی خاو بەرزدەکاتەوە.

هەر بەرمیلێک نەوتی برێنتی دەریای باکوور رۆژی سێشەممە، 11 سەنت بەرزبووەوە بۆ 86 دۆلار و 32 سەنت.

نرخی یەک بەرمیل نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش حەوت سەنت بەرزبووەوە و بە 82 دۆلار و 57 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. 

رۆبێرت کارنێل، شرۆڤەکاری سەر بە بانکی ING لەوبارەیەوە رایگەیاند، بڕیاربوو بانکی ناوەندیی چین کۆتایی مانگی نۆ گۆڕانکاری لە سوودی بانکیی بکات، بەڵام دابەزینی سوودی بانکیی زووتر لەو کاتەی کە پێشبینی دەکرا، بووەتە هۆکارێک بۆ هاندانی بازاڕەکانی جیهان. 

سەرەڕای سستبوونەوەی ئابووریی چین، بەڵام خواست بۆ بەکارهێنانی نەوت لەلایەن چینەوە، هێشتا لە ئاستێکی بەرزدایە.

قەبارەی بەکارهێنانی نەوت لەلایەن پاڵاوگە چینییەکان بەپێی داتا فەرمییەکان لە مانگی حەوتی ئەمساڵ بەراورد بە مانگی حەوتی ساڵی رابردوو بە رێژەی 17.4٪ بەرزبوونەوەی پێوەدیارە.

هەروەها بەرزبوونەوەی گەشەی ئابووریی ژاپۆن لەلایەکی دیکەوە بووەتە هۆکار بۆ پاڵپشتی زیاتری نرخی نەوت.

نرخی ئۆنسەیەک زێڕ بۆ 1906 دۆلار دابەزی 

بەرەبەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە، دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا نرخی زێڕ بەردەوامی دا بە دابەزینەکانی یەک مانگی رابردووی خۆی و هەر ئۆنسەیەکی بە 1906 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.

نیگەرانی لە بەرزکردنەوەی سوودی بانکیی لەلایەن بانکی ناوەندیی ئەمریکاوە لە دوای ئامارەکانی پەیوەست بە هەڵاوسانی مانگی حەوت هۆکاری سەرەکی دابەزینی بەهای زێڕ هەژمار دەکرێت.

بەو پێیەش، نرخی زێڕ ئەمڕۆ سێشەممە 15-08-2023 لە نزیک کەمترین ئاستی خۆی لە مانگی شەش بەدواوە مامەڵەی پێوەدەکرێت.

بەرزبوونەوەی سوودی سەر قەواڵە داراییەکانی گەنجینەی ئەمریکا بووەتە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی بەردەوامی بەهای دۆلار و دابەزینی بەهای کاڵا و کانزاکان. 

دابەزینی نرخی زێڕ بۆ نزیکەی 1900 دۆلار لەلایەن بازرگانان و شرۆڤەکارانەوە بە هەلی گەورەی کڕین پێناسە کراوە.

کۆمپانیای راوێژکای (تی دی سیکیۆریتی) کە یەکێکە لە کۆمپانیا راوێژکارییە داراییەکانی جیهان دەڵێت، نرخی زێڕ کۆتایی ئەمساڵ یان سەرەتای ساڵی داهاتوو دەگاتە 2100 دۆلار.

بارت مەلەک، بەڕێوەبەری کۆمپانیای راوێژکاری (تی دی سیکیۆریتی) و بەرپرس لە بازرگانی کاڵا و کانزاکان لەو کۆمپانیایە دەڵێت، تاوەکو کۆتایی 2024 نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ بەرزدەبێتەوە بۆ 2500 دۆلار. بەوپێیەش نرخی زێڕ بەپێی ئەو پێشبینیانە بێت تاوەکو کۆتایی ساڵی داهاتوو بە رێژەی 27٪ بەرزبوونەوە بەخۆیەوە دەبینێت.