شیڤان شێرزاد – ههولێر
سەنتەری پێشانگا نێودەوڵەتیەکان، کە ساڵانە ١٧ پێشانگای تایبەتی کتێب و بازرگانی و خۆراک و بە بازاڕکردنی کاڵا نێوخۆیی و کشتوکاڵییەکان ساز دەکات، بۆ ئەمساڵ پلانی کارکردنی دەگۆڕێت و بە سیستمێکی نوێ کار بۆ بەڕێوەچوونی پێشانگاکان دەکات لە هەرێمی کوردستاندا.
لەم چوارچێوەیەشدا ڕێوڕەسمێکی تایبەتی بە ئامادەبوونی (ئومێد خۆشناو) پارێزگاری هەولێر و کۆنسوڵخانەکان و ئەجێندای حکومەت سەبارەت بە پێشانگاکان لە ڕۆتانا ئەربیل سازکرد، کە تیایدا باس لە پاڵپشتی و هاوکاری بەردەوامی حکومەت کرا بۆ ئەنجامدانی زنجیرەیەک لە پێشانگا نێودەوڵەتیەکان، بەتایبەت بە بازاڕکردنی بەرهەمە خۆماڵی و کشتوکاڵییەکان و ناساندنی کۆمپانیا و براندە جیهانیەکان، کە ئەمڕۆ لە سەنتەری شاری هەولێر و شارەکانی کوردستان خەریکی وەبەرهێنانن و هەموو ئاسانکارییەکیشیان لە لایەن حکومەتی هەرێمەوە پێشکەش کراوە بۆ بازرگانی و بەهێزکردنی کەرتی ئابووریی هەرێم و هەناردە و هاوردەکردنی بەرهەمە خۆماڵی و بیانییەکان.
هەولێر پێشەنگە لە کردنەوەی پێشانگای نێودەوڵەتیدا
“ئومێد خۆشناو” پارێزگاری هەولێر لە میانی پێشکەشکردنی وتارێکیدا تیشکی خستە سەر هەماهەنگی و پشتیوانیەکانی حکومەت و پارێزگای هەولێر بۆ پێشوازی کردن لە کۆمپانیا بازرگانیەکان و ڕێکخستنی پێشانگاکان لەگەڵ ئەو سەنتەرە، کە هەمیشە هەوڵیانداوە زۆرترین چالاکیی لە ماوەی ساڵێکدا ئەنجام بدەن، ئەوەی جێی خۆشحاڵیە هەولێر ئێستا پێشەنگە لە بەڕێوەبردنی پێشانگاکان.
نوێنەری ١٢ وڵات لە هەولێر ئامادەی دیداری پێشانگا نێودەوڵەتیەکانن
حەسەن سامی، لەم دیدارەدا نوێنەری ١٢ وڵات تێیدا ئامادە بوون، کە دیدارێکی هەمەجۆر و فرە کەرتە و کۆنسوڵی وڵاتان بۆ بازرگانیکردن لەگەڵ هەرێم و نەخشە و پلاندانانی نوێ بۆ بەرەوپێشچوونی کەرتی ئابووری کوردستان ئامادەی دیدارەکە بوون و هاوکات سەنتەری پێشانگا نێودەوڵەتیەکان کار لەسەر هێنانی چەند بڕاندێکی دیکە و کۆمپانیایەکی جیهانی دەکات بۆ ئەوەی لە پێشانگاکانی کوردستان بەشداربن.
حکومەتی هەرێم پاڵپشتی سەرەکیی کارەکانمانە
ڕۆڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرز دەنرخێنین لە ڕێگەی ئاسانکاری بۆ کارەکانمان و ئەنجامدانی پێشانگا پیشەسازییەکان و پاڵپشتی سەرەکی سەنتەری پێشانگا نێودەوڵەتیەکان، کە هەمیشە لەسەر هێل بوونە بۆ بەڕێوەچوونی کۆنفرانس و پێشانگا جیاوازەکان، کە ساڵانە چەند پێشانگایەکی هەمەجۆر بەڕێوە دەچن، بەتایبەت ئەو پێشانگایانەی کە گرنگن بۆ ئەمڕۆ و داهاتووی هەرێمی کوردستان.
ئەمساڵ ١٧ پێشانگا بەڕێوە دەچێت
بەپێی پڕۆگرامەکانی کارکردنمان لە سەنتەری پێشانگا نێودەوڵەتیەکان، ئەمساڵ ١٧ پێشانگای تایبەت ئەنجامدراوە، کە دەکاتە ٥١ـی عێراق، کە ئەمەش دەستکەوتێکە بۆ پارێزگای هەولێر و ئەو ڕێژەی وامان لێدەکات، کە بە گڕوتینیکی زیاتر کار بکەین بۆ کردنەوەی پێشانگاکانمان.
پێشانگاکانی ئەمساڵ چینە و کەی دەکرێن؟
پێشانگاکانمان گشتگیرە، کە بەشێکیان تایبەتە بە بیناسازیی و بازرگانیی و هەمەجۆرن، جگە لە ئەنجامدانی چەند فیستیڤاڵێک لە کەرتی ئابووری و کڕیاران دەتوانن سەردانی سەنتەری پێشانگا بکەن.
فیستیڤاڵی پاییزە و گەڕانەوە بۆ قوتابخانە
ئەم بەرپرسەی سەنتەری پێشانگاکان ئەوەشی خستە ڕوو، کە لە مانگی ٩ـدا فیستیڤاڵی پاییزە و گەڕانەوە بۆ قوتابخانە ئەنجامدەدرێت، کە کەلوپەلی قوتابخانە و پێداویستیەکانی قوتابی لەخۆوە دەگرێت و ئەوانەی سەردانیمان دەکەن دەتوانن ڕاستەوخۆ پێداویستیەکانیان لەوێ بکڕن.
کۆتایی ساڵ کریسمس فیستیڤاڵ بەڕێوە دەچێت
لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: دوا چالاکیی ئەمساڵمان ئەنجامدانی فیستیڤاڵێک دەبێت، کە تایبەتە بە ساڵی نوێ و جەژن و یادەکانی کۆتایی ساڵ، کە چەندین بڕگەی جۆراوجۆری لەخۆوە گرتووە و لە پاڵ ئەمەشدا فیستیڤاڵێکە بۆ بە بازاڕیکردنی کاڵاکان.
جیاوازی چالاکییەکانی ئەمساڵ و پار چیە؟
ئەمساڵ ئێمە خۆمان بەڕێوەبەر و سەرپەرشتیاری ڕاستەوخۆی کارەکان دەبین و سەنتەرەکەمان لە پێوەندیدایە بۆ بانگهێشتکردنی کۆمپانیا و بڕانده جیهانییەکان و بازرگانیکردن لە هەرێمی کوردستان، بۆیه دەتوانین بڵێین ئەمساڵ جیاوازی شێوازی پێشوازی لە کۆمپانیاکان و بەرهەمە نێوخۆییەکان دەبینرێت و هەموو ئاسانکارییەک دەکەین بۆ ئەوەی زۆرترین پڕۆژەی پیشەسازی لە نێو پێشانگاکان ببینرێت.