چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

گە‌ورە‌یی ھە‌ر بۆ خوایە‌

عارف ڕوشدی

سوپاس بۆ خودای میهرەبان، ئەوانەی لە بەغداوە دژایەتی خەڵکی کوردستان و حکوومەتی هەرێمی کوردستانیان دەکرد، پەیتا پەیتا دەردەکەون، کە لە شەرمەزارترین ئاستدان، هەر بۆ نمونە ؛ (ئیحسان عبدالجەبار)ی وەزیری پێشووی نەوتی عیراق، ئێستا دەرکەوتووە، لە سەرانی هەرە گەورەی گەندەڵکارانە و فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچووە. کەسانی پاک و نیشتیمانپەروەر ڕێگا بە خۆ نادەن دژایەتی گەلێک بکەن، مەگەر ئەوانە نەبن لە هەر خەسڵەتێکی مرۆڤانە داشۆرا بن، دڵنیام هەمو ئەو کارەکتەرە شوڤینی و ناحەزانە بە قێزەوەنترین شێوە ئاشکرا دەبن. وەک چون یەک کەس لەو( لادەر)ە کوردزمانانەی ئەندام پەرلەمانی خولی پێشووی عیراق، نەیانتوانی جارێکی کە متمانەی خەڵک بەدەست بهێننەوە. بۆ زانیاری لە هەمو ڕوپێوییەکانی جیهانیدا، هیچ وڵاتێک لە گەندەڵیدا لە گەڵ حکومڕانانی ئێستای عیراقدا بەراورد ناکرێت. لە لایەکی دیکەوە ؛ ئەو گەندەڵییەی لە کوردستاندا باسی دەکرێت ناکاتە دڵوپێک لەدەریای بوگەنی گەندەڵیی بەغدا. لەگەڵ ئەوەشدا لەو باوەڕەدام و بەکردەوەش دەبینرێت هیمەتێکی گەورە هەیە بە یاسا لە لایەن هێژا سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە لە پێناوی بنبڕکردنی دیاردەی ڕوخێنەری گەندەڵی و نەهێشتنی شوێنەوارە نەرێنییەکانی لە سەرجەم بوارەکاندا. بۆیە من وا دەبینم وەکو پاپەندبونێکی نیشتیمانی و ئەخلاقی؛ هەمو لایەنە سیاسی، ڕێکخراوە ڕاستەقینەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، ڕاگەیاندنی نیشتیمانپەروەر و تاک بە تاکی کوردستان، هاوکارو پشتیوان بن لە ڕاپەڕاندو سەرخستنی ئەم ئەرکە پیروزەدا.