چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

لە‌ ھە‌كبە‌ی بیرە‌وە‌ریمدا

ئه سعه د عه دۆ


سێبه ری لووله تڤه نگی پێشمه رگه
رۆژێكیان لە (ماڵی چاودێری پیراندا) كچێكی زێدە جوانكیلەم بینی، روومەتی دەتگووت : خۆخێ بەكووركە ! پێمگووت : تۆ بڵێی خەڵكی ئێرە ئاوا وەك تۆ بەزێدە خزمەتی ئەو بەساڵاچووانە دەكەن؟ گووتی : بەڵێێێ …
ئەوانە رۆژانێك بۆ ئەوەی ژیانی ئێمە بەردەوام بێت باجیان داوەتە حكومەت، ئەوەی دوێنێ چاندوویانە . ئەوڕۆ دەیدوورنەوە، لە هەمانكاتدا ئەوڕۆ نۆرەی ئێمەیە باج بدەین تاكو ژیانی نەوەی دادێ مەیسەر بێت .
لەبەر هێندێ ئەوانەی لە هۆڵەندا باج دەدەنە حكومەت هەردەم لەنێو دامودەزگاكان و خەڵكدا سەربڵندن، هەروەها بەزێدە رێز لە مرۆڤی خانەنشینكراو دەگرن، لەم كوردستانەی خۆمانیشدا خەڵكانێك هەن دەوروزەمانێكە خوێنی خۆیان بۆ وڵات كردۆتە باج، بەڵام حەیف و مخابن ئەو رێزگرتنەی ئەوێ، لێرە نەبۆتە كلتوور ! ئەوەی لەوێ بۆ بەساڵاچوەكان دەكرێ بە خەیاڵی هیچ كەسێكی ئێمەدا نایە ! بۆیە ئێمەمانان ئیرەییمان بەو كەسانە دەبرد كە تەمەنیان بەرەو (55) هەڵدەكشا، لەنێو خۆماندا دەمانگووت : پارووی كەوتە رۆنی !
رێكخراوی تەمەنداران شەوو رۆژ دەخزمەتدان، هەفتانە بۆ مەڵەوانگە، گەشتی ناوەخۆیی، خولی مەشق لەسەر كۆمپیوتەر دەبردرێن، بۆ هاتوچۆیان بە تاكسی و شەمەندەفەر پێناسەی تایبەتیان دەباخەڵان دەنێن، لە ئاهەنگ و كۆبوونەوەو كۆڕەكاندا لەبری پلەدارانی حیزبی و حكومی لە سینگی مەجلیسان دادەنیشن ! لەكاتی وتار خوێندنەوە ! بەخێرهاتن و دەست لەسەر سینگ تەنیا بۆ ئەوانە ! ئەمەیان لە خووت و خۆڕایی بۆ نەماوەتەوە ! بەڵكو كلتوورە، دووندی رێزگرتنیان لە رۆژی سەربەخۆیی وڵاتدا بۆ شەهیدان و خەباتكارەكانیانە، لە هۆڵەندا نزیكەی شەش هەزار (ئاشی با) هەیە، كە لەكاتی خۆیدا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا (ئاشی ئاو) یان، بینیوە بۆ خۆیان بە (با) گونجاندوویانە، رێزلێنانیان بۆ (ئاشی با) دوو زەردێنەیە لەلایەك وەك كەلەپوور، لایەنی دیكەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی خەباتكردنیان چونكە ئاشەكان هەردەم لانەی شۆڕشگێڕان بوە، بۆیە نەوەی نوێ لە تەوزیفكردنی ئەو شوێنانە لە ئەدەب و هونەردا
درێغیان نەكردوە بە تایبەتی لە فلیمی (كاتێ رۆتردام دەسووتێ) ! بۆ ئەوەی بەردەوام ئەوانە لە هزردا بمێننەوە هەموو شارەوانیەك كتێبك لەسەر مێژووی شارەكەی چاپ دەكا كە نێوی یەكە یەكەی شەهیدو خەباتگێڕو پلەداری شارەكەی تێدا دەنوسرێ ئینجا وەك كتێبێكی پیرۆز بەسەر دانیشتوان دابەش دەكرێ !
ئەگەر شاعیری ئەم هەڵبەستە لەم شیعرەی خۆی پەشیمان نەبوبێتەوە ئەوە بەر لە من گوتوویەتی: وەك نەزانن : تا كورد ماوەو تا كوردستان ئاوا لەژێر پۆستاڵی لەشكری دوژمن دایە هەر پێشمەرگە چرای شەوی ئەنگوستە چاوو یەڵدایە هەر لووتكەی شاخ رەمزی بوون و سەركەوتنەو هەر كوردستان بۆ كورد خاك و نیشتمان و قیبلەگایە لەسەرەتای راپەڕینەوە لە رێگەی بەرنامەی (بەرئاگردان)ی، ئێزگەی دەنگی كوردستاندا پڕ بەدەم هاوارم دەكردو دەمگووت : خۆزگە بەزێدەو زێدە رێز لە پێشمەرگەی راستەقینە بگیرێ، لە ماڵومنداڵە بێ نازو پێخاوسەكانیان ! لە هەرزارەو بنكوندەڵانیان ! كورە رێز لە سێبەری لوولە تڤەنگیشیان بنێن هێشتا كەمەو بەرامبەر كەسیان رامەگرن !
بەڵام كوا ؟! چەند جارێكی دیكەیش لەم گۆشەیهدا جڵەوی سۆزم بۆ بەژنوباڵای پێشمەرگە بە گشتی و
ئەیلوولیەكان بە تایبەتی شڵكردوە، كەچی بەدەست خۆم نیە كاتێ لە ماجەڕای دنیادا، لەسەر پێشمەرگە رووبەرووی قسەوكارێكی ناڕێك دەبمەوە ! ئۆقرە ناگرم تا لە حەژمەتان دوو دلۆپە فرمێسكی گەرم نەڕێژمە سەر كاغەز .
به ر له عه یامێك، پێشمەرگەیەكی هەردوو شۆڕشی مەزنی ئەیلوول و گوڵانی تەواوكەر لە دانیشتنێكدا بە چاوێكی قەتیس بۆی گێڕامەوەو گووتی : زۆرجار لەكاتی پرسیاركردنی خەڵكدا بۆ ئەوەی روخسارم لە پێش چاوان دزێو نەبێ بە شەرمەوە دەڵێم : (بیلامانێ ) پێشمەرگە بووم !
كاتێ گوێم لەم قسەیە بوو، بێ ئەوەی وورتەم لێوەبێت، بوڕكان ئاسا لە ناخمدا تەقیمەوەو لە هەناومدا دەمگووت :
هەموو كەون و كائیناتم لاچەپەڵە، لاگڵاوە، لاگڵاوە ئاسوودەم بەوە كە ئەو رستە شیعرەی سەرەوە تا ئەزەل ! لە فەزای ئاسمانی كوردستاندا بۆ گەندەڵچیەكان دەبێتە دێوەزمە!