سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی گەیاندنی پرسە و سەرەخۆشی، بەشداری لە پرسەی رووناک عەبدولواحید، هاوژینی فوئاد مەعسووم، سەرۆککۆماری پێشووتری عێراق کرد.
رۆژی یەکشەممە (13ـی ئابی 2023)، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە شاری هەولێر بەشداری لە پرسەی خوالێخۆشبوو (ڕووناک عەبدولواحید)ی هاوژینی د.فوئاد مەعسووم سەرۆک کۆماری پێشووتری عێراق کرد.
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی پرسە و سەرەخۆشی لە د. فوئاد مەعسووم و بنەماڵە و کەسوکاری خوالێخۆشبوو کرد و هاوخەمی خۆی پێگەیاندن.
رۆژی هەینی (11ـی ئابی 2023) رووناک عەبدولواحید مستەفا، هاوسەری فوئاد مەعسووم، سەرۆککۆماری پێشووتری عێراق لە تەمەنی 81 ساڵیدا لە بەغدا بەهۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کرد و رۆژی دواتریش لە کۆیە لە تەنیشت گۆڕی کوڕەکەیەوە لە گۆڕستانی تایبەت بە خانەوادەی مەلا مەعسووم بەخاک سپێردرا.
لەلایەن خۆشیانەوە هەر یەکە لە سەرۆک بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پرسەنامەیان ئاراستە کرد و هاوخەمییان بۆ کۆچی دوایی
رووناک عەبدولواحید مستەفا، لە دایکبووی ساڵی 1942ـە، دەرچووی پەیمانگای مامۆستایانە، لە ساڵی 1968 لەگەڵ فوئاد مەعسووم هاوسەرگیری کردووە،و دایکی پێنج کچە بەناوەکانی (شیرین، جوان، زۆزان، ڤیان و شیلان) هەروەها کوڕێکی هەبووە لە تەمەنی 15 ساڵیدا کۆچی دوایی کردووە.
رووناک عەبدولواحید، وەکو ژنێکی کارا لە سەردەمی شاخدا بەشداری لە شۆڕش کردووە و دوای بوونی بە خانمی یەکەمی عێراق، لە ساڵی (2015-2017) وەک سەرۆکی رێكخراوی ژنانی عەرەبی دەستنیشان کرا.