ئهمڕۆ یەکشەممە (13ـی ئابی 2023) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە گریگۆری گالیگان باڵیۆزی کەنەدا لە عێراق کرد کە بە بۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی سەردانی کردبوو.
لەو دیدارەدا، سەرۆکی حکومەت سوپاسی باڵیۆزی کەنەدای کرد بۆ کارکردن و هەوڵەکانی لەپێناو پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و کەنەدا، هەروەها هیوای سەرکەوتنیشی لە ئەرکی داهاتوویدا بۆ خواست.
لە بەرانبەردا، باڵیۆزی کەنەدا پێزانینی خۆی بۆ هەماهەنگیی و هاریکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی دەربڕی.
وەک ماڵپەڕی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی پێداوە، گرنگیی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا، چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ و دەستەبەرکردنی مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان، بەشێکی دیکەی دیدارەکە بوون کە تامی ئامیز، بەرپرسی نووسینگەی باڵیۆزخانەی کەنەدا لە هەولێر، ئامادەی بوو.