ڕائیب جادر – هەولێر
لە شازدەیەمین کۆنگرەی نێودەوڵەتیی کۆمەڵەی نێودەوڵەتیی ھەنگەوانانی ئاسیا کە لە سعوودیە کرا، ھەنگوینی کوردستان پلەی یەکەمی بەدەست ھێنا. عارف شێروانی، سەرۆکی تۆڕی ھەنگەوانانی ھەرێمی کوردستان، دەڵێت: بۆ ھەناردەکردنی ھەنگوینی کوردستان، داواکاریی ژمارەیەک وڵاتمان بەدەست گەیشتووە.
فیستیڤاڵەکە ڕۆژی سێ شەممە ٨-٨-٢٠٢٣ لەلایەن مەنسوور ھیلال مشێتی، جێگری وەزیری ژینگە و ئاو و کشتوکاڵی سعوودیە کرایەوە، لە فیستیڤاڵەکەدا چل وڵات و سەد و بیست ھەنگەوان بەشدارییان کرد و ژمارەیەک لە ھەنگەوانانی ھەرێمی کوردستان لە فیستیڤاڵەکە بەشداربوون. فەرھەنگ حوسێن، ھەنگەوانێکی دانیشتووی ناحیەی خەلیفان، لە سنووری ئیدارەی سۆران توانی لە فیستیڤاڵی کێبڕکێی ھەنگوینی وڵاتانی ئاسیا و ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست پلەی یەکەم بەدەست بھێنێت.
ساڵی ٢٠٠٩ بۆ یەکەم جار ھەنگوینی کوردستان لە پاریس، پایتەختی فەرەنسا چووە نێو پێشبڕکێی باشترین ھەنگوینی وڵاتان و پلەی یەکەمی بەدەست ھێنا.
لە ھەرێمی کوردستان حەڤدە ھەزار ھەنگەوان خاوەن حەفت سەد ھەزار پوورە ھەنگن و بەرھەمی ساڵانەیان نزیکەی چوار سەد تۆن ھەنگوینە.
ماوەیەکە بەرھەمەکانی کوردستان لە بازاڕەکانی جیھان داواکاریی زۆری لەسەرە و بە پلەی یەکەم دیاری دەکرێت، نموونەش دوای گەیشتنی یەکەم کاروانی پەتاتەی ھەرێمی کوردستان بۆ بازاڕەکانی کەنداو، بووە جێی سەرنجی زنجیرە چێشتخانە جیھانییەکان بەتایبەتی ماکدۆناڵدز، کەی ئێف سی و ھاردیز.
یەکێک لە گەورەترین ھەنگاوەکانی کابینەی نۆیەم بۆ پاڵپشتیکردنی جووتیاران ساغکردنەوەی بەرھەمی جووتیارانە لە بازاڕە جیھانییەکان، ساڵی ڕابردوو بە فەرمی دوو ھەزار تۆن ھەنار ھەناردەی بازاڕەکانی ئیمارات و وڵاتانی دیکەی کەنداو کران و بۆ ئەمساڵ و ساڵانی داھاتووش جگە لە ھەنار، ھەریەکە لە بەرھەمەکانی ترێ، ھەنگوین، سێو بۆ بازاڕەکانی ئیمارات، سعوودیە، بەحرێن، بەریتانیا و وڵاتانی ئەوروپا دەکرێت، لەگەڵ ئەوەشدا، برنجی کوردی و ڕاشیی کونجیی ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان، لە بازاڕەکانی دەرەوە بەتایبەتی لەو وڵاتانەی ڕەوەندی کوردی بەشێوەیەکی فراوان تێیدا دەژین، خواستی لەسەرە، ھەروەھا بەرھەمە شیرەمەنییەکان و زەیتی زەیتوون و دۆشاوی تەماتە و چەندین بەرھەمی دیکە، بەشێکی زۆر لە پێداویستییەکانی ناوخۆ پڕدەکەنەوە.
عارف شێروانی، سەرۆکی تۆڕی ھەنگەوانانی ھەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند: لەو کۆنگرەیەدا کە کۆمەڵێک ھەنگەوان لەسەر ئاستی وڵاتانی جیھان بە بەرھەمی ھەنگوین بەشدارییان تێدا کردبوو، ھەنگوینی ھەرێمی کوردستان پلەی یەکەمی بەدەست ھێنا.
سەرۆکی تۆڕی ھەنگەوانانی ھەرێمی کوردستان، دەشڵێ: دیاریکردنی باشترین ھەنگوین لەو فیستیڤاڵەدا چەندین پێوەری ھەبوو، لەوانە کوالیتی، تام و ڕەنگ و چەندین بابەتی دیکە کە وردەکاریی چۆنیەتی ھەنگوین دیاری دەکات، کۆنگرەی نێودەوڵەتیی کۆمەڵەی ھەنگەوانانی ئاسیا ھەر جارەو لە وڵاتێک دەکرێت، ئەمساڵ لە سعوودیە بوو و ساڵی داھاتووش لە چین دەبێت.
عارف شێروانی، سەرۆکی تۆڕی ھەنگەوانانی ھەرێمی کوردستان، گوتیشی: بەدەستھێنانی ئەو پلەیە کاریگەری دەبێت لەسەر ناوبانگی ھەرێمی کوردستان و ھەنگوینەکەی بە تایبەت کە ئەمساڵ بڕیاری بە براندکردنی ھەنگوینی کوردستان دراوە و بڕیارە ھەناردەی چەند وڵاتێکی کەنداو بکرێت، کە ئێستە لەلایەن ژمارەیەک وڵاتانی ئەوروپی و عەرەبی داواکاریی لەسەرە، ئەوە ھاندانیشە بۆ ھەنگەوانان.