نرخی نەوت رۆژی هەینی لە کاتی داخستنی بازاڕەکاندا درێژەیدا بە بەرزبوونەوەکانی حەوت هەفتەی رابردووی خۆی، لە دوای ئەوەی کە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە رایگەیاند، خواست بۆ نەوت زیاتر دەبێت لە بڕی خستنەڕووی ئەو بەرهەمە ستراتیژییە.
نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور رۆژی هەینی 41 سەنت بەرزبووە و بە 86 دۆلار و 81 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
نرخی نەوتی دەریای سووکی تەکساسی ئەمریکاش 37 سەنت بەرزبووەوە و بە 83 دۆلار و 19 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە لە نوێترین راپۆرتی خۆیدا رایگەیاند، خواست بۆ بەکارهێنانی نەوت لەسەر ئاستی جیهاندا بەرزدەبێتەوە بۆ 103 ملیۆن بەرمیلی رۆژانە و تەنانەت دەتوانێت لەم مانگەدا ئەو ئاستەش تێپەڕێنێت.
رۆژی پێنجشەممە، رێکخراوی ئۆپێک رایگەیاند، خواست بۆ نەوت لە ئەمساڵدا بە بڕی رۆژانە 2 ملیۆن و 440 هەزار بەرمیل زیاد دەکات.
ئۆپێک رایگەیاند، ئاسۆی خواست لەسەر نەوت لە نیوەی دووەمی ئەمساڵدا بە ئەرێنی دەمێنێتەوە.
کرەیک ئێرلەم، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری ئواندا لەو بارەیەوە رایگەیاند، “کەمکردنەوەکانی خستنەرووی نەوت هاوکات لەگەڵ چاوەڕوانییەکان بۆ باشتر بوونی ئابووری جیهان، گەشبینی لای وەبەرهێنەران و بازرگانانی نەوت دروستکردووە.”
نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ دابەزی بۆ 1913 دۆلار
رۆژی هەینی، نرخی زێڕ لە کاتی داخستنی بازاڕەکان لەم هەفتەیەدا دابەزی بۆ کەمترین ئاستی خۆی لە ماوەی نزیکەی دوو مانگی رابردوودا.
بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار و سوودی سەر قەواڵە داراییەکانی گەنجینەی ئەمریکا بووە هۆکار بۆ دابەزینی نرخی زێڕ بە رێژەی 0.3٪ و هەر ئۆنسەیەک بە 1913 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
پێنوێنی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دراوەکانی دیکە رۆژی هەینی بەرزبووەوە بۆ بەرزترین ئاستی خۆی لە ماوەی چوار هەفتەی رابردوودا، ئەوەش بووە هۆکار بۆ دابەزینی بەهای زێڕ.
فلیپ نیومان، بەڕێوەبەری کۆمپانیای (مێتاڵ فۆکەس) لەو بارەیەوە رایگەیاند، “وەبەرهێنەران و بازرگانانی زێڕ هەر کاتێک نرخی زێڕ لە 1900 دۆلار نزیکدەبێتەوە، زیاتر خوازیاری کڕینی زێڕن، بەڵام ئەگەر نرخەکان لەو ئاستە زیاتر بن زیاتر دەبنە فرۆشیار.”
ماری دالی، بەڕێوەبەری بانکی ناوەندیی ئەمریکا لقی سانفرانسیسکۆ رایگەیاند، کاری زیاتر پێویستە لەسەر کۆنترۆڵکردنی هەڵاوسان بۆ ئەوەی هەست بە ئاسوودەیی بکەن و بڵێن کە کۆتایی بە بەرزکردنەوەی سوودی بانکی دەهێنین.
بانکی ناوەندیی ئەمریکا پێشتر رایگەیاندووە، تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ لانیکەم یەک جاری دیکە سوودی بانکیی بەرزدەکەنەوە. بەرزکردنەوەی زیاتری سوودی بانکیی دەبێتە هۆکار بۆ بەربوونەوەی بەهای دۆلار و دابەزینی زیاتری نرخی زێڕ.